عه‌لى باپیر: پێش ریفراندۆم ده‌بێ هه‌ندێ رێكارى دیکە بگیرێنەبەر
K24- هه‌ولێر
ئه‌میرى كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، عه‌لى باپیر رایگەیاند ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ریفراندۆم بكه‌ین هه‌ر وه‌كوو مزایه‌ده‌یه‌كى سیاسیی وه‌كوو شتێك، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه شتێكه، به‌ڵام بمانه‌وه‌ێ هه‌نگاوى كڕده‌یى به‌دوادا بێت، پێموایه ئێستا ئه‌وه زووە و پێویسته چه‌ند هه‌نگاوێكى دیكه پێش ئه‌وه بكه‌ون.
عه‌لى باپیر لە لێدوانێکی تایبەت بە (کوردستان24) گوتی: "پێویسته ته‌بایی سیاسیی هه‌بێت، پێویسته هه‌وڵ بده‌ین ژێر خانى ئابوورییمان هه‌بێت، هێزێكى عه‌سكه‌ریی یه‌كگرتوومان هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستى پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش".
له درێژه‌ی لێدوانەکەیدا ئه‌میرى كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه: "ده‌بێ دیبلوماسییه‌تێكى مه‌ركه‌زییمان هه‌بێ، واتا وه‌كوو كۆى ئه‌م قه‌واره سیاسییانه قسه بكه‌ى له‌گەڵ خه‌ڵكدا، ئینجا به‌ره‌و ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان هه‌نگاو بنێین".
ئه‌م لێداونەی عەلی باپیر پاش ئه‌وه هات كه له‌گەڵ كونسوڵ و نوێنه‌رانى 10 وڵاتانى ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان.