ئوسامه‌ نوجه‌یفى: نابێت حه‌شدى شه‌عبى به‌شدارى له‌ رزگاركردنى مووسڵدا بكات

به‌شدارى هێزى هاوپه‌یمانان و هێزى پێشمه‌رگه‌، ده‌سته‌به‌رى پرۆسه‌ى ئازادكردنى شارى موسڵه‌

K24 – به‌غدا

به‌شدارى هێزى هاوپه‌یمانان و هێزى پێشمه‌رگه‌، ده‌سته‌به‌رى پرۆسه‌ىرزگاركردنى شارى مووسڵه‌.

سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ئه‌لموته‌حیدون، له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ارنى عێراق، ئوسامه‌ نوجه‌یفى، له‌ به‌یاننامه‌ییه‌كدا رایگه‌یاند: "به‌شدارى هێزى هاوپه‌یمانان و هێزى پێشمه‌رگه‌ش شانبه‌شانى چه‌كدارانى هۆزه‌كان و حه‌شدى نیشتیمانى سووننه‌كان ده‌سته‌به‌رى پرۆسه‌ى رزگاركردنى شارى موسڵه‌".

نوجه‌یفى گوتیشى: "به‌ مه‌به‌ستى درووست نه‌بوونى گرژى و ئاڵۆزى نه‌ته‌وه‌یى، داوا ده‌كه‌ین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌شدى شه‌عبى له‌ پرۆسه‌ى رزگار كردنى موسڵدا به‌شدار نه‌بێت".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى، ئه‌لموته‌حیدون، ئاماژه‌ى به‌ "ده‌ستدرێژییه‌كانى" میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى شیعه‌كان كردووه‌، كه‌ له‌، شاره‌بان، دژ مزگه‌وت و هاوولاتیانى سووننه‌ مه‌زهه‌ب كردوویانه‌، زیانێكى گه‌وره‌ى ماڵى و گیانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هێزى حه‌شدى شه‌عبى شیعى، كه‌ به‌ فه‌تواى مه‌رجعیه‌تى شیعه‌ له‌ عیراق دامه‌زراوه‌، چه‌ند جارێك به‌وه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ كه‌ كارى دستدرێژى و تاڵان و وێرانكردن دژى ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كانى ئه‌نجامداوه‌، كه‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ده‌بنه‌ هۆى قووڵكردنى رق و كینه‌ى مه‌زهه‌بى و تائیفى له‌ نێوان سوننه‌ و شیعه‌كانى عێراقدا.