ژماره‌يه‌ك پارتى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان هه‌ڵبژاردنى ئێران بايكۆت ده‌كه‌ن

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی ئێرانیش، پێنج ھۆكارییان بۆ بایكۆتی ھەڵبژاردن لە ئێران خستووەتەڕوو.

K24 – مھاباد:

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێكدا ھەڵبژاردنی داھاتووی ئێرانی بایكۆت كرد و رایگەیاند: "پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ئێران لە شانۆگەری زیاتر نییە".

حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێرانی بایكۆت كرد، بە بڕوایە ئەو حزبە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ئێران ئازاد نییە و ھیچ دەرفەتێك بۆ چالاكی سیاسی بە كورد نەدراوە.

بڕیارە كۆتايى ئه‌م مانگه‌دا ھەر دوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایان لە ئێران بەڕێوەبچێت، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی ئێرانیش، پێنج ھۆكارییان بۆ بایكۆتی ھەڵبژاردن لە ئێران خستووەتەڕوو.

لە راگەیەنراوەكەی ئەو حزبە كوردییەی رۆژھەڵاتی كوردستاندا، كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24 نێردراوه‌ ھاتووە: "ئێمە ھەڵبژاردن لە ئێران بە پرۆسەیەكی نادیموكراتیك دەزانین، حزبە رۆژھەڵاتییەكان دەرفەتی چالاكیی سیاسیان لە رۆژھەڵاتی كوردستان نییە، بۆیە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن بە بێ مانا دەزانین".

كۆمەڵە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "رەتكردنەوەی كاندیدە كوردەكان لە لایەن ئەنجوومەنی شوورای نیگەھبانەوە سەلمێنەری ئەو راستییەیە، ھەڵبژاردن لە ئێران پڕوسەیەكی تەشریفاتییە و لە شانۆگەری تێناپەڕێت و ھیچ رەواییەتێكی نییە".

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران نووسیویەتی: "ئێمە بەگوێرەی پێوەرە ناسراوە جیھانییەکان لایەنگری ھەڵبژاردنی ئازادین و ئەوە بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ھەموو ھاووڵاتیەك لە ئێران و کوردستان دەزانێت و ھەوڵدەدەین بە ناساندن و چەسپاندنی ئەو میکانیزمە لە کۆمەڵگه‌دا، ئەو پرسە بكەینە داخوازییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە دەوری کۆ ببنەوە".

پێشتریش حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە راگەیەنراوێكدا، ھەردوو ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێرانی بایكۆتكرد كە بڕیارە 26ی شووباتی 2016 واتە كەمتر لە 20 رۆژی دیكە بەڕێوەبچێت.

حدكا رایگەیاندووە: "رێژیمی ئێران لەھەر كام لەو شانۆسازییانەیدا گرووپێك لە لایەنگرە بە ئەمەكەكانی خۆی بە خەڵك دەناسێنێت و دواتر رێگە بە خەڵك دەدات لە نێوان ئەو نوێنەرە بە ئەمەكانەیاندا، چەند كەسێك ھەڵبژێرن".

ئا: له‌يلا قادرى