بارانی ئەمساڵ ئاستی ئاوی گۆلی ورمێی بەرز كردەوە

وەكوو پاركی نیشتمانی تۆمار كراوە

K24 – ورمێ:

بەھۆی بارینی رێژه‌یه‌كی زۆر باران له‌ ماوەی رابردوو، لە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، رێژەی ئاوی ئەو گۆلە گەیشتە ھەزار و 270  مەتر لە ئاستی رووی دەریا و ئاستی ئاوه‌كه‌ 44 سەنتیمەتر بەرز بووەوە.

پسپۆرانی كەشناسی ئێران، ھەرچەندە ئەو رێژەیە بە بەروارد لەگەڵ ھەمان كات لە ساڵی رابردوودا، نزیكه‌ی دە سەنتیمەتر كەمترە، بەڵام رێژەی بەرزبوونەوەی ئەو گۆلە، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و هیواش ده‌خوازن لەگەڵ بارینی باران له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا، گۆلی ورمێ به‌ ته‌واوه‌تی ببوژێته‌وه‌.

گۆلی ورمێ بە گەورەترین گۆلی ئێران ھەژمار دەكرێت و بە ھۆی ئه‌و بەھا سرووشتییە و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی، وەكوو پاركی نیشتمانی ئێران، لەلایه‌ن یونیسكۆوه‌ تۆمار كراوە.

لە ماوەی دەیەی رابردوودا، گۆلی ورمێ بەھۆی وشكەساڵی و بەكارھێنانی ئاوە ژێرزەوییەكان، بەمەبەستی كشتوكاڵ و درووستكردنی پردی كه‌له‌نتری بە ناوەڕاستی ئەو گۆلەدا، ئاوەكەی یەكجار زۆر كەمیكردووە و مەترسی گەورەی خستووه‌ته‌ سه‌ر ژینگەی ئەو پارێزگایە.