تەرمی 25 پەنابەری دیكە دەگەڕیندرێنەوە

"ھەموویان خەڵكی ھەرێمی كوردستانن"

K24- هەولێر

ئاری جەلال، سەرپەرشیاری لقی فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ شەممە، تەرمی 25 پەنابەری دیكە دەگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان.

ئاری جەلال لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "بڕیارە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ، تەرمی 25 پەنابەری دیكە لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان".

ئاری جەلال گوتیشی: "سەرجەم ئەو ھاووڵاتیانەی ئەمڕۆ تەرمەكانیان دەگەڕێندرێتەوە خەڵكی ھەرێمی كوردستانن و خەرجی ھێنانەوەی تەرمەکانیان لە لایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە دابینكراوە، ھەروەھا فیدراسیۆنی پەنابەران ھاوكار بووە بۆ مامەڵە و رێكارە یاساییەكانی ھێناوەی تەرمەكان".

ئەمە لە کاتێکدایە فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ته‌رمی زیاتر لە 54 پەنابەری کورد بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

سەرپەرشیاری لقی فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان گوتیشی: به‌هۆی خراپیی باری ئابووریی كوردستان، ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتییان جارێكی دیکە به‌ رێگه‌ی قاچاخ روویان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه‌، تا ئێستاش به‌هۆی ژێرئاوكه‌وتنی‌ چه‌ندین به‌له‌م‌، ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتییان له‌ ده‌ریای ئیجه‌دا خنكاون و تەرمی زۆریشیان نەدۆزراونەتەوە.