ئامەد... كۆنفرانسێك بۆ وەستاندنی شەڕ و پرسی كورد بەڕێوە دەچێت

"شەش پارتی سیاسی كورد بەشدار دەبن"
kurdistan24.net

K24 - ئامەد:

شەش پارتی سیاسی كورد لە باكووری كوردستان كۆنفرانسێك بۆ كۆتایی ھێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەكان و پرسی كورد لە ئامەد رێكدەخەن.

پەیامنێری (كوردستان 24) لە ئامەد رایگەیاند: "ئەمڕۆ شەش پارتی سیاسی لە باكووری كوردستان كۆنفرانسێك لە شاری ئامه‌د رێكدەخەن، لەو كۆنفرانسەدا داوا دەكەن كۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان بھێنرێت، ھەر لەو كۆنفرانسەدا گفتوگۆ لە بارەی پرسی كورد لە باكووری كوردستان دەكرێت".

گوتیشی: "پارتە سیاسییەكان پێكھاتوون لە پارتی سۆسیالیستی كوردستان، پارتی ئازادی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە باكوور، پارتی ئازادی و سۆسیالیزمی، تەڤگەری ئازادی و پارتی كورد، ھەروەھا پێشبینیدەكرێت سەرۆكی ھەر شەش پارتە سیاسییەكە بەشداری لەو كۆنفرانسەدا بكەن".

گرێدانی ئەو كۆنگرەیەی پارتە سیاسییەكانی باكووری كوردستان لە كاتێكدایە، كە نزیكەی ساڵێكە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا چڕبووەتەوە، ژمارەیەك ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە گیانیان لە دەستداوە، ژمارەیەكی زۆریش لە ھاووڵاتیانی باكووری كوردستان بە ھۆی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا و ھێزە ئەمنییەكان، ناچاركراون ماڵ و حاڵیان جێ بھێڵن.