پێشبینی دەرکردنی تەواوی شاری رومادی دەکرێت لە بندەستی داعش

"شەڕی رزگارکردنی فەللوجە بەمنزیکانە دەستپێدەکات"

K24

شەڕی دەرکردنی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە بندەستی چەکدارانی داعش وا چەند مانگێکە بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام لە لە پێشڕەوی خۆیان دەکەن لەو شەڕە، بەڵام بە گوتەی لایەنی پەیوەندیدار شەڕی دەرکردنی تەواوی رومادی لە بندەستی داعش ئێستا لە رۆژهەڵاتی شارەکە چڕبووەتەوە، هەرچەندە ئەوان چەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زۆربەی زۆری شارەکە لە بندەستی داعش دەرکراوە.

ئیبراهیم فەهداوی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجوومەنی شارۆچکەی خالدییە (10 کم رۆژهەڵاتی رومادی) لە پارێزگای ئەنبار دەڵێ:

"شەڕ ئێستا لە بەرەی رۆژهەڵاتی شاری رومادی (100 کم رۆژئاوای بەغدا) بەردەوامە، بەتایبەت لە ناوچەکانی سوفییە و سەجارییە و حسێبە و ئەوەی سەرپەرشتی شەڕە دەکاتە هێزی دژە تیرۆر و سوپای عێراقە بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق، ئەم ناوچانەش بەرەی سەرەکین لە شەڕی دژی داعش، چونکە هێڵی سەرەکین لە نێوان شارۆچکەی خالدییە و سەنتەری شاری رومادی".

بەپێی پێشهاتەکان و گوتەی فەرماندە سەربازییەکانی عێراق وا چەند مانگێکە شەڕی نێوان هێزەکانی عێراق و داعش لە رۆژئاوای عێراق چڕبووەتەوە، بەتایبەت لە شاری رومادی و دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای ئەنبار کە چاودێران و پسپۆران بە سەرچاوەی یەکەمی سەرهەڵدانی گرووپە جیهادییە توندڕەوەکانی ناودەبەن لە عێراق.

کەریم نووریی، گوتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق لەمبارەوە دەڵێ:

"شارۆچکەی فەللوجە (45 کم رۆژئاوای بەغدا) گەمارۆدراوە و دوامان لەو خێزانانە کردووە کە زیاتر لە ساێکە لە شارۆچکەکە ماونەتەوە جێبهێڵن و زۆربەی خێزانەکان شارۆچکەکەیان جێهێشتووە و ئەوەی ماونەتەوە تەنیا لایەنگرانی داعشن، حەشدی شەعبی ناچارە رێگە بۆ دەرچوونی ئەو خێزانانە دابینبکات، چونکە ناکرێ حەشد شەڕی فەللوجە دەستپێبکات بەبێ ئەوەی دڵنیابێ لە دەرچونی هەموو ئەو خێزانانە".

هاوکات سەباح کەرحوت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار دەڵێ: "شەڕی پاککردنەوەی فەللوجە لە چەتەکانی رێکخراوی داعش نزیکبووەتەوە و رۆڵی هۆزەکانیش تێیدا گەورە دەبێ".

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتنی زۆربەی شارەکانی پارێزگای ئەنبار بە دەستی داعش و شەڕی نێوان چەکدارەکانی ئەو گرووپە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بە سەدان هەزار هاوڵاتیی کە بەشێکیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان بردووە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان