خالید عەزیزی: مافی خۆمانە لە رۆژھەڵاتی كوردستان داوای ريفراندۆم بكەین

كۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا لە دەسەلاتدا بەشداری بە كورد ناكات، بەردەوام بە كوشتن، بڕین، به‌ سه‌ربازگه‌كردنى رۆژھەڵاتی كوردستان وەڵامیان داوینەتەوە.
kurdistan24.net

K24 – كۆیە:

سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان، خالید عەزیزی رایگەیاند: "ماوەی 70 ساڵە ھەموو شێوازەكانی نەرمیی نواندنمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران تاقیكردووەتەوە، بەڵام بەشی ئێمە ھەر ھەڵاواردن، كوشتن و بڕین بووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین داوای ريفراندۆم بكەین".

لە مەراسیمی دەستپێكردنی شازدەیەمین كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستاندا، خالید عەزیزی گوتی: "حزبی دیموكرات ھەمیشە بە ھەستكردن بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەكاندا كردووە و ھەوڵيداوە سەبارەت بە كۆماری ئیسلامیی ئێران نەرمی بنوێنێت و دەیان شێوازی دانوستانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تاقیكردووەتەوە".

سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "كۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا لە دەسەڵاتدا بەشداری بە كورد ناكات، بەردەوام بە كوشتن، بڕین، به‌ سه‌ربازگه‌ كردنی رۆژھەڵاتی كوردستان وەڵامیان داوینەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تەنانەت بەرامبەر كۆڵبەرەكانیش بەزەییان نییە و بێ رەحمانە دەیاندەنە بەر دەسترێژی گوله‌".

خالید عەزیزی ئەوەشی خستەڕوو: "كاتی ئەوە ھاتووە بە كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی رابگەیەنين، بەسە ھەڵاواردنی نەتەوەیی و داوای ريفراندۆم لە رۆژھەڵاتی كوردستان بكەین".