هه‌ڵوێستى گۆڕان له باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى بارزانى
K24 ـ هه‌ولێر:
سبه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان كۆده‌بێته‌وه و ئه‌م ئێواره‌يه كۆمه‌ڵ خۆى يه‌كلا ده‌كاته‌وه و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانيش بۆ گۆڕينى هه‌ڵوێستى مه‌رجى هه‌يه.
له لێدوانێكى تايبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، ساماڵ عه‌بدوڵڵا، رايگه‌ياند، گۆڕان سووره له‌سه‌ر به‌شدارى نه‌كردن له كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى بارزانى و لايه‌نه سياسييه‌كان.
گوتيشى: ئێمه مه‌رجمان هه‌يه و له كۆبوونه‌وه‌دا ئه‌و داواكارييانه‌ى خۆمان داوه‌ته ليژنه‌ى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، پێشتر، گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، شۆڕش حاجى به ماڵپه‌ڕى كوردستان 24ى راگه‌ياندبوو، ئه‌وان به‌شدارى له كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى بارزانى ناكه‌ن.
له ئێستادا ليژنه‌ى كاراكردنى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێم، له كۆبوونه‌وه‌دان و دواى تاوتوێكردنى كارنامه‌يان، بڕيار له باره‌ى چاره‌سه‌رى پرسه‌كانه‌وه ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سبه‌ى له كۆبوونه‌وه‌ى لايه‌نه‌كاندا بيخه‌نه‌ڕوو.
گۆڕان داوايكردووه، ره‌وشى هه‌رێمى كوردستان بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێش 12ى ئۆكتۆبه‌رى 2015.
به گوێره‌ى زانيارى په‌يامنێرى كوردستان 24، كه ئێستا له نزيك شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى ليژنه‌ى كاراكردنى په‌رله‌مان و حكوومه‌ته، ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌يه، ئه‌مڕۆ، ليژنه‌كه په‌يوه‌ندى بكاته‌وه به بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئيسلامييه‌وه بۆ وه‌رگرتنى دواهه‌ڵوێستى ئه‌و لايه‌نانه و ئاگاداركردنه‌وه‌يان له بڕيار و راسپارده‌ى ليژنه‌كه.
له هه‌فته‌ى رابردوودا، شۆڕش حاجی گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به كوردستان 24 ی راگه‌یاند، ئه‌وان دڵنیاییان له پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌رگرتووه به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سه‌ركاره‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان بۆ كاره‌كانیان له حكوومه‌تی هه‌رێم.
له كۆبوونه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوو پاكێجی چاكسازی كه تایبه‌ت بوون به "چاكسازی ئیداری و سیاسی" راده‌ستی ليژنه‌كه كران.
ته‌نيا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، له لايه‌ن پارتيى ديموكراتى كوردستانه‌وه دڵنيا كراونه‌ته‌وه.
رۆژى سێشه‌ممه 26ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2016، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه سياسييه‌كان كۆبوويه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه تايبه‌ت بوو به تاوتوێكردنى ره‌وشى سياسيى هه‌رێم و قه‌يرانه‌كان باس له كاراكردنى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێم كرا.
جگه له كۆمه‌ڵى ئيسلامى، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانيش به‌شدارى له كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كرد.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندبوو، ئه‌و ده‌زانێت بۆچى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى له كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كردووه، به‌ڵام هۆكارى به‌شدارى نه‌كردنى كۆمه‌ڵى ئيسلامى روون نييه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بارزانى رايگه‌ياند، پێويسته ليژنه‌يه‌ك بۆ سه‌ردانى لايه‌نه‌كان پێكبهێنرێت و ئه‌و ليژنه‌يه رۆژێك دواتر پێكهات.
پارتيى ديموكراتيى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستان و يه‌كگرتووى ئيسلامى له ئاستيى باڵادا ئه‌نداميان له ليژنه‌كه هه‌يه و فوئاد حوسێن سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم سه‌رۆكايه‌تى ليژنه‌كه ده‌كات و بڕياره‌كانى ئه‌و ليژنه‌يه پابه‌ندكار ده‌بن بۆ لايه‌نه‌كان.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ى ليژنه‌كه‌دا، بڕيارى پێويست له باره‌ى چۆنێتى كاراكردنه‌وه‌ى ره‌وشى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بده‌ن.
پارتيى ديموكراتى كوردستان له سه‌ره‌تاى ئۆكتۆبه‌رى 2015دا رايگه‌ياند، ئه‌و رێككه‌وتنه سياسييه‌ى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له 17ى نيسانى 2014 واژوويان كردبوو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بڕياره، رۆژى 12ى ئۆكتۆبه‌رى 2015، پارتيى ديموكراتى كوردستان ره‌تيكرده‌وه يوسف محه‌ممه‌د چيديكه وه‌ك سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بناسێنێت.
به‌و هۆيه‌وه له بازگه‌ى شێراوه‌ى نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك رێگه نه‌درا يوسف محه‌ممه‌د سه‌ردانى هه‌ولێر بكات.
هاوكات چوار وه‌زيرى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانيش له كابينه‌ى حكوومه‌ت دوورخرانه‌وه.