بەرپرسێكی ئێرانیی: با ئەمریكییەكان داوای نابەجێ لە ئێران نەكەن

ئێران داوای 3 كۆنگرێسمانی ئەمریكیی سەر بە كۆمارییەكانی رەتكردەوە كە داوایانكردبوو بەمەبەستی چاودێریكردنی ھەڵبژاردن سەردانی ئێران بكەن.

K24- تاران:

ئێران داوای 3 كۆنگرێسمانی ئەمریكی سەر بە كۆمارییەكانی رەتكردەوە كە بە مەبەستی چاودێریكردنی ھەڵبژاردن لە ئێران وێڕای داوكردنی ڤیزا، نامەیەكی كراوەیان بۆ رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران نووسیبوو.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلائەدین بروجێردی، رایگەیاند: "ھەڵبژاردن لە ئێران پێویستی بە چاودێری نێودەوڵەتیی نییە و نابێ ئەمریكا داوای نابەجێ لە ئێران بكات".

بروجێردی گوتی: "ئێمە بەھێزترین دیموكراسیمان لە ناوچەكە ھەیە و ھەڵبژاردنەكانمان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا بەڕێوەدەچن".

لە چەند رۆژی رابردوودا سێ كۆنگرێسمانی كۆماریخوازی ئەمریكا داوایان لە نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا لە جنێڤ كرد، كە ڤیزەیان بۆ ئێران پێبدەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران بكەن.