كچە كوردێك بە ھۆی قبووڵ نەكردنی دانپیانان ماوەی 8 ساڵە مۆڵەتی پێنەدراوە

"بەپرسانی بەندیخانە یا مۆڵەت نادەن یان مۆڵەتەکە مەرجدار دەکەن و مەبەستیشیان لە مۆڵەتی مەرجدار، قبووڵ کردنی دانپیانانی تەلەفزیۆنی یا مەرجی ھاوشێوەیە".

K24- ورمێ:

محەممەد شەریف، پارێزەری كچە بەندكراوی كورد، زەینەب جەلالیان، بە کەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی راگەیاند: "ھەشتە ساڵ بەسەر بەندكردنی كچە چالاكی سیاسیی كورد، زەینەب جەلالیان، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە تێپەڕ بووە، بەڵام تائێستا مۆڵەتی پێنەدراوە".

بە گوتەی ئەو پارێزەرە لەو ماوەیەدا بە دەیان جار داوای مۆڵەت بۆ زەینەب جەلالیان كراوە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە ئەو داوایەیان رەتكردووەتەوە.

محەممەد شەریف گوتی: "دوایین جار چوار مانگ لەمەوبەر داوای مۆڵەتم بۆ جەلالیان کردووە بەڵام قبووڵ نەکراوە".

ئەو پارێزەرە گوتیشی: "بەرپرسانی بەندیخانە یا مۆڵەت نادەن یان مۆڵەتەکە مەرجدار دەکەن و مەبەستیشیان لە مەرجداركردن، قبووڵ کردنی دانپیانانی تەلەفزیۆنی یا شتی ھاوشێوەیە".

پارێزەری زەینەب جەلالیان ئەوەشی خستەروو: "زەینەب لە تەمەنی 25 ساڵییەوە لە بەندیخانەیە و لەسەرەتایی بەندكرانییەوە تووشی نەخۆشی چاو بووە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە بارودۆخی ئەو كچە لەبەرچاو ناگرن".

زەینەب جەلالیان چالاکی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵی 2007 لە لایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ بڕاوەتەوە و ئێستا لە بەندیخانە شاری خۆی ئێرانە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی كەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران