كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی بایكۆتی دەوام دەكەن

نیگەرانن لە سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە

- K24 سلێمانی:

لە بەرامبەر كەمكردنەوەی مووچە و سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی بایكۆت دەوامیانكرد.

پەیامنێری كوردستان 24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی بایكۆتی دەوامیانكردووە و زۆرێك لەو چواڕیان و سوڕانەوە پۆلیسی ھاتووچۆی لێ دەوەستا بۆ رێكخستنی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل چۆڵكراون".

گوتیشی: "كارمەندانی پۆلیسی سلێمانی لە گربوونەوەیەكدا چەندین دروشمیان دژ بە كەمكردنەوەی مووچە بەرزكردووه‌تەوە، لە یەكێك لە دروشمەكانیاندا دەڵێن، ماوەی پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و جیاوازی كراوە لە كەمكردنەوەی مووچە لە وەزارەتی ناوخۆ".

بایكۆتكردن و گردبوونەوەی كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی لە كاتێكدایە، بۆ تێپەڕندنی قەیرانی دارایی ھەفتەی رابردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سیستەمێكی جیاوازی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران راگەیاند، بە پێی ئەو سیستەمە بەشێك لە مووچەی فەرمانبەران وەك پاشەكەوت لای حكوومەت دەمێنێتەوە.