ئیلام لە ساڵێكدا 25 ھەزار تۆن بەرھەمی گۆشتیی ھەناردەی عێراق کردووە

بەگوێره‌ى ئاماری بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، تەنیا لە ساڵی 2015 دا زیاتر لە 6 هەزار تۆن خۆراكی ماوە بەسەرچوو گەڕێندراوەتەوە ئێران.

K24ـ ئیلام:

بەڕیوبەری گشتیی ڤێتەرنەریی پارێزگای ئیلام لە رۆژھەڵاتی كوردستان،  وەھاب پیرانیی، رایگەیاند لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیكەی 25 ھەزار تۆن لە بەرھەمە گۆشتییەكان لە ئیلامەوە بۆ عێراق ھەناردە كراوە.

بە گوتەی وەھاب پیرانیی ئەو بەرھەمانە پێكدێن لە: "گۆشتی سوور (مەڕوماڵات)، ھێلكە، مریشك، قەڵ و ماسیی و سەرجەمیان بە فیلتەری وەزارەتی تەندروستیدا تێپەڕیون و ھەناردەی عێراق كراون".

ھەروەھا گوتی: "ھاوكات بۆ یەكەمجارە لە ماوەی ساڵی رابردوودا 419 تۆن مریشكی بەستوو لە پارێزگای ئیلامەوە بۆ عێراق ھەناردەكراوە و ھەوڵەكان بۆ ھەناردەکردنی زیاتر بەردەوامە".

بەڕێوبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای ئیلام باسی لەوەش كرد: "زۆرترین بەرھەمی ھەناردەكراو لە مەرزی میھرانەوە بۆ عێراق بڕی 16 ھەزار تۆن ھێلكە و بڕی 8 ھەزار تۆن گۆشتی مریشكی بەستوو بووە".

ئەمە لە كاتێكدایە بەگوێره‌ى ئاماری بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، تەنیا لە ساڵی 2015 دا زیاتر لە 6 هەزار تۆن خۆراكی ماوە بەسەرچوو گەڕێندراوەنەتەوە ئێران.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی كوردستان ھەیە، زۆرترین كەلوپەل و خۆراكیش لە رێگەی دەروازە نێودەوڵەتیيەكانی پەروێزخان، حاجی ئۆمەران و باشماخ ھەناردەی عێراق و هه‌رێمى كوردستان دەكات.