مەسروور بارزانیی: ریفراندۆم باشترین به‌ڵگه‌يه
K24- ھەولێر:
مەسروور بارزانیی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند ئه‌نجامی ریفراندۆم باشترین به‌ڵگه ده‌بێت بۆ دیاركردنی ویستی خه‌ڵكی كوردستان.
لە دیمانەیەكی ھەفتەنامەی گوڵاندا مەسروور بارزانیی دەشڵێ: "سه‌یره هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن كات گونجاو نییه بۆ ریفراندۆم، چۆن كات گونجاو نییه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڵێن چی‌یان ده‌وێت؟ ئه‌نجامی ریفراندۆم باشترین به‌ڵگه ده‌بێت بۆ دیاركردنی ویستی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌مه بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و هه‌مه‌لایه‌نه، سه‌ركردایه‌تیی ملكه‌چی بڕیاری خه‌ڵك ده‌بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێت".
مەسروور بارزانیی ئەوەش دەخاتەڕوو کە: "گرینگه ریفراندۆم ببێته هۆكار‌ی یه‌كڕێزیی ناوماڵی كورد، ده‌بێت ده‌ستكه‌وته نشتمانییه‌كانیش بۆ هه‌موو لایه‌ك بێت، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان گرینگییه‌كی زیاتر به به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتمانیی بده‌ن و ته‌نیا بیر له ململانێی سیاسیی و فراوانكردنی پێگه‌ی خۆیان نه‌كه‌نه‌وه".
لە بەشێكی دیكەی دیمانەکەدا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: "سه‌ربه‌خۆیی مافێكی سروشتیی گه‌له‌كه‌مانه و كه‌س ئه‌و مافه به ئێمه نابه‌خشێت، به‌ڵكوو لێمان سه‌ندراوه‌تەوە و پێویسته هه‌ر كاتێ بۆمان كرا ئه‌و مافه بەكاربێنین، ئێستا زۆر له وڵاتانی دونیا دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه غه‌درێكی مێژوویی له خه‌ڵكی كوردستان كراوه، وه‌ك هه‌موو گه‌لانی جیهان مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه."
لە بارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی، مەسروو بارزانیی، ئاماژە دەکات کە: "گرنگه سیستمێكی ئابووریی به‌هێز له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستیی دروستبكرێت و خه‌ڵك نه‌ك ته‌نیا ئاگادار بێت به‌ڵكوو به‌شداریش بێـت."
هاوکات دەڵێ: "كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك له هه‌موو شت ئاگادار نییه، حكوومه‌ت كه‌مته‌رخه‌م بووه له‌وه‌ی به راشكاوی هه‌موو كێشه و گرفت و به‌رنامه‌ی ئابووریی خۆی وه‌ك پێویست به خه‌ڵك بگه‌یێنێت، پێویسته حكوومه‌ت له داڕشتنی سیاسه‌تی ئابووریدا رای خه‌ڵك به هه‌ند وه‌ربگرێت".
ھەر لەو دیمانەدا مەسروور بارزانیی، گوتی: "پارتیی هه‌میشه كوردایه‌تیكردووه و خۆی به پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته نیشتمانییه‌كان زانیوه، پێویسته له‌م قۆناغه‌شدا هه‌موو هه‌وڵێك بدات بۆ پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه و پارێزگاریكردن له نه‌ته‌وه و نیشتمان، هه‌نگاوی گونجاویش بنێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌ستكه‌وتی زیاتر، خوێنده‌وه‌یه‌كی ژیرانه‌ی هه‌بێت كه له كام كات و ساتەدا چ بڕیارێك بدات و چ هه‌نگاوێك بهاوێژێت".
سەبارەت بە شەڕ، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان دەڵێ: "ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر تێكشكاندنی دووژمن و رووخاندنی وره‌ی دووژمن هه‌یه، به‌ڵام له‌وه‌ش گرینگتر ئاماژه‌یه به توانای هێزه تایبه‌ته‌كانی خۆمان وه‌ك دژه‌تیرۆر كه له ئاستێكی زۆر به‌رز ده‌توانن له پاڵ هێزه هاوشێوه‌كانیان له هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئۆپه‌راسیۆنی وا ورد و گرنگ ئه‌نجامبده‌ن".
مەسروور بارزانیی ئاشكراشی دەکات: "به‌رده‌وام له هه‌موو ویستگه و پێوه‌ندییه‌كانماندا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كان باسمان له پێداویستی چه‌ك و لۆجستیكیی و هاوكاریی بۆ پێشمه‌رگه كردووه و به شانازییه‌وه توانیومانه به‌رهه‌می باشیش به‌ده‌ستبێنین، ئێستا پێداویستیی هه‌ره سه‌ره‌كیی پێشمه‌رگه مووچه و میزانییه‌ی گونجاوه كه به‌داخه‌وه نه‌بوونی بودجه كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر دۆخه‌كه و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه بیر و باوه‌ڕی به‌هێزی نه‌بێت، هیچ هێزێك به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه ناله‌باره ناگرێت".
لە بارەی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا مەسروور بارزانیی دەڵێ: "پێویستە بەرپرسانی بەغدا له‌وه تێبگه‌ن مادا‌م ناتوانن كورد وه‌ك هاوبه‌ش و یه‌كسان ببینن، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه رێگه بده‌ن به خۆشیی و ئاشتییانه له یه‌ك جیا ببینه‌وه و ببین به هاوپه‌یمانی به‌هێز بۆ یه‌كتر، به له یه‌ك گه‌یشتن و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق حه‌ساسییه‌تی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش كه‌متر ده‌بێت".
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ش پێویسته قسه بكرێت، گرنگ ئه‌وه‌یه كه بتوانین وه‌ك گه‌لێك به یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك بڕیار ئه‌مه بكه‌ین، مادا‌م سیستمی فیدڕاڵیی و سیستمه‌كانی تری حوكمڕانیی له عێراق نه‌یانتوانیوه چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان بكه‌ن، پێویسته بۆ رێگرتن له شه‌ڕ و ماڵوێرانیی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه وه‌ك دوو دراوسێ و هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ عێراقدا بژین و پێویسته خه‌ڵكی كوردستان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی حوكمڕانیی و مافی چاره‌نووسی خۆی بدات".