ورمێ تێنووه‌

پێناچێت پرۆژەكانی بەردانەوەی ئاوی رووبارەكانیش فریای دەریاچەکە بكەون

K24 - ورمێ:

بارودۆخی خراپی دەریاچەی ورمێ ساڵانێكە بووەتە مانشێتی راگەیاندنەکان، بەڵام گۆڕانێكی ئەوتۆیی بەسەردا نەھاتووە و ھەروا بە تینوویی ماوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی ناوەندی قەیرانی پارێزگای ئازەربایجانی خۆرھەڵات لە ئێران: گەورەترین دەریاچەی رۆژھەڵاتی كوردستان كە لە ھەمانكاتدا بە گەورەترین دەریاچەی ئێرانیش ھەژمار دەكرێت و دووەم دەریاچەی سوێر لە جیھانیشە، لە پانتایی 6 ھەزار كیلۆمەتری تەنیا 7%ی ماوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە قووڵیی ئەو دەریاچەیە لە ساڵی 1996وە تا ئێستا زیاتر لە 8 مەتر كەمی كردووە.

بەپێی ناوەندەکە: ئێستا تەنیا 2300 كیلۆمەتری چوارگۆشە ئاوی تێیدا ماوەتەوە لە كاتێكدا كە دەبوو ئەو رێژەیە دوو ئەوەندە بوایە، ئەگەر پلانی زانستیی نەبێ بۆ رزگاركردنی ئەو دەریاچەیە، بەشی زۆری شار و وڵاتانی ناوچە بەھۆی وشكبوونی دەكەونە مەترسییەوە.

لەكاتێكدا كە دەگوترێ ئەگەری رزگاركردنی ئەو دەریاچەیە ھەیە، ناوەندی قەیرانی پارێزگای ئازربایجانی خۆرھەڵات، بەردەوام ھەواڵی خراپ لەسەر بارودۆخی دەریاچەی ورمێ بڵاودەكاتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی ناوەندەکە: دەریاچەی ورمێ لە بوون بە بیابان نزیكە و سەرەڕای ئەوەی رەشەبای خوێ هەڵگر مەترسی سەرھەڵدانی چەندین نەخۆشی بەتایبەت شێرپەنجە لە نێو دانیشتوانی ناوچەكەدا زیاد دەكات، ھەڕەشە لەو ناوچانەش دەكات كە بە دووری 500  كیلۆمەتر لەو دەریاچەیە ھەڵكەوتوون، تەنانەت دانیشتوانی تارانیش.

هاوکات ئاژانسی ئیسنا دەڵێ: "تا بەر لە دروستكردنی بەنداوەكان، زەوییەكانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ تەنیا 150 ھەزار ھێكتار بوون، بەڵام وشكبوونی بەردەوام بووە ھۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا بڕی زەوییەكانی دەوروبەری بگاتە 850 ھەزار ھێكتار".

ھەر دوو رۆژ بەر لە ئێستا كەشناسیی ورمێ رایگەیاند: "بەھۆی باران بارینەكانی ئەم دواییانە ئاستی دەریاچەی ورمێ 44  سانتیمەتر بەرزبووتەوە". بەڵام ھێشتا چەندین ھێندەی دەوێت بۆ ئەوەی ئەو دەریاچەیە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی.

بەكارھێنانی لە رادەبەدەری ئاوی ئەو سەرچاوە بەنرخە بڕەكەی لە 18 میلیار مەتری چوارگۆشەوە دابەزاندووە بۆ 2  میلیار مەتری چوارگۆشە، ھەربۆیە پێناچێت پرۆژەكانی بەردانەوەی ئاوی رووبارەكانیش فریای دەریاچەكە بكەون و پلانەكانی ساڵانی رابردووش بۆ بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ سەركەوتوو نەبوون.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا ھێشتا ھەوڵەكان بۆ بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بەردەوامن و دەریاچەکە هێشتا تەواو وشکنەبووە.

سەرچاوە: میهر