رووحانی: رێگه‌ به‌ توندڕه‌وه‌كان مه‌ده‌ن

گرفتی ئێمە نەخۆشخانە نییە، بۆچی فڕۆكەیان لە ئیتالیا نەكڕیوە؟ ئایا درووستكردنی نەخۆشخانە لە ئێران رەخساندنی ھەلی كار بۆ ئیتالیایەكان نییە؟ لە كاتێكدا خوشكەزاكەم ئەندازیاری بیناسازییە و ئێستا بێكارە.

K24 – ھەولێر:

داوای حەسەن رووحانی لە ھاووڵاتیان بۆ بەشدایكردن لە ھەڵبژاردندا، ھاوكات ھێرشەكانی ھەردوو لایەنی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان بۆ سەر یەكدى لە رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێراندا گرنگییان پێدراوە.

سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی بە ئاشكرا داوای لە خەڵك كرد، بەھەر شێوەیەك و لەھەر بارودۆخێكدا بێت بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكەن و رێگە نەدەن پارێزگاران ببنە براوەی ھەڵبژاردن.

لە وتارێكی رۆژنامەی ئێراندا نووسەر شیكاریی بۆ گوتەكانی سەرۆك كۆماری ئێران كردووە و نووسیویەتی: "ھەوڵی ژنان لەو ساڵانەی دوایدا و خۆبینینەوەیان لە پۆستەكانی جێبەجێكاریدا، سەلماندوویەتی، ئەوان نیوەی كاریگەری كۆمەڵگەن. ھەوڵی بێوچانی ژنان لە بوارە ژیارییەكان و خۆ كاندیدكردنیان ورەیەكی چەند بەرامبەری بە كۆمەڵگه‌ بەخشیوە و تین و گۆڕی خستووەتە ناو كۆمەڵگەوە".

رۆژنامەی شەرق نووسیویەتی: "پێكھێنانی ئەنجوومەنێكی سیاسیی (مەبەستی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانە) كە ھەوڵبدات ھەژموونی بەسەر سەرجەم پرسەكانی وەكوو ژینگە، قەیرانی ئاو، قەیرانی خانەنشینبوون، دابینكردنی ھەلی كار، كۆنترۆڵی قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان بێت و بەگشتی ھەوڵی كەمكردنەوەی ھەژاری و گەندەڵی بدات، دەكرێت بڵێن گەرەنتی پێشكەوتنی وڵات دەكات. ھەر بۆیە پێویستە چ ئەوانەی لە ھەوڵی بەدەستھێنانی دەنگدان و چ ئەوانەش كە دەنگدەدەن، رۆڵی خۆیان بە باشی بگێڕن و رێگە نەدەن، "كاسبكارە سیاسیەكان" بە بەڵێنە بێ بنەماكانیان كۆرسيیەكانی ئەنجوومەن داگیر بكەن".

دەسكەخاكەنازمان پێویستە نەك نەخۆشخانە

رۆژنامەی جەوان سەر بە پارێزگاران نووسیویەتی: "پێدەچێت رووحانی بە دوای مانایەكی نوێ بۆ ئینقلاب بگەڕێت، بۆنموونە مانایەكی وەكوو 5+1 یان مانایەكی ھەڵگری دانووستان، چونكە رێك لە كاتی ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و رێك لە كاتێكدا تەنیا چەند رۆژێكمان بۆ دوو ھەڵبژاردنی گرنگ ماوە، بە ھاووڵاتیان دەڵێت، ھەڵوێستە لەسەر ماناكانی ئینقلاب بكەن، بۆ ئەو پێیوایە خەڵك مانای ئینقلاب نازانن؟ كێ ئینقلابییە؟ ئینقلاب چ مانایەكی ھەیە؟ و بەردەوام بوون لەسەر ئینقلاب چۆن دەبێت؟".

گۆشەی تەنزی رۆژنامەی ئێران تایبەتە بە دەستكەوتەكانی گەشتەكەی سەرۆك كۆمار، حەسەن رووحانی و وەفدی حكوومەت بۆ ئەوروپا و نووسیویوتی: "جێگری وەزارەتی تەندرووستی باسی دەستكەوتەكانی لە سەردانەكەیان بۆ ئیتالیا دەكات و دەڵێت بڕیارە حكوومەتی ئیتالیا نەخۆشخانەیەكی 500 قەرەوێڵەیی و نەخۆشخانەیەكی 1000 قەرەوێڵەیی لە ئێران درووست بكات، پرسیارێكم بۆ دروست بووە، گرفتی ئێمە نەخۆشخانە نییە، بۆچی فرۆكەیان لە ئیتالیا نەكڕیوە؟ ئایا درووستكردنی نەخۆشخانە لە ئێران رەخساندنی ھەلی كار بۆ ئیتالیایەكان نییە؟ لە كاتێكدا خوشكەزاكەم ئەندازیاری بیناسازییە و ئێستا بێكارە. بۆچی لەگەڵ ئیتالییەكان گرێبەستی دروستكردنی كارگەیەكی سپاگێتیان نەكردووە؟ برسییەكانی ئێران لە كوێی حكوومەتدا جێیان دەبێتەوە؟ نەخۆشخانە فەرزترە یان ھاوردە كردنی دەسكی خاكەناز؟ ئایا كرێكار پێویستی بە دەسكە خاكەناز نییە؟ وەزارەتی كار خەریكی چییە؟