وەزیرێكی كورد ھەڕەشە لە بەغدا دەكات

ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت ئاوی كەمتریان بۆ بەردەدەینەوە

K24 - ھەولێر:

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی كوردستان ھەڕەشەی ئەوە لە بەغدا دەكات، ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە رێگریكردن لە چوونی بەرھەمی پەلەوەری بۆ بەغدا ئەوا وەك ھەرێمی كوردستان بەردانەوەی ئاو كەمدەكەنەوە.

وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: " بەغدا بە بڕیاری سیاسی رێگری لە چوونی مریشک و بەرھەمە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکات " .

عەبدولستار مەجید ئەوەش روون دەكاتەوە: "بیانوی بەغدا بۆ ئەوە بووە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دوو حاڵەتی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ھەرێمی كوردستان ھەبووە، بەڵام ھەر زوو پێمان زانی و کۆنترۆڵمان کرد و وەزارەتی کشتوکاڵی بەغداش لیژنەیان نارد، بەڵام ھێشتا رێگریی لە چوونی بەرھەمە پەلەوەریەکانی ھەرێم دەکات بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق" .

وه‌زيرى كشتوكاڵى حكومه‌تى هه‌رێم گوتيشى: "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان باسی ئەوەم کرد، ئەگەر بەغدا لەسەر ئەو بڕیارە سیاسییە بەردەوام بێت دژ بە ھەرێمی کوردستان، ئەوا ڕێگە نادەین ھیچ بەرھەمێکی دیکەی ھەرێمی کوردستان و ئەوانەشی بە ترانزێت لە ئێران و تورکیاوە دێت بچێتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق".

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا عەبدولستار مەجید باس لەوە دەكات: "چوار جار وەزیری کشتوکاڵی بەغدا ھاتەلامان و داوای کرد کە چەند مەتر سێجایەك ئاویان زیاتر بۆ بەربدەینەوە، بۆیە ئەگەر لەسەر بڕیاری سیاسی دژی ھەرێم بەردەوام بن ئەوا بەردانەوەی ئاوی دوکان کە ھەقی خۆیان ٨٠ مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا و ئێمە ١٢٠ مەتر سێجایان بۆ بەردەدەینەوە، کەمی دەکەینەوە بۆ کەمتر لە ٥٠ مەتر سێجا".