منداڵی ساوا لە تاران بە 28 دۆلار دەفرۆشرێت

"٨٠% ژنانی "کرێکاری سێكسی" و ئاڵودە بە ماددەی هۆشبەر، كۆرپەكانیان هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن"

K24 – تاران:

لەتاران لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ژنانی ئاڵوودە بە ماددەی ھۆشبەر، منداڵانی ساوای سەرشەقاميش رووی لە زیادبوونكردووە، بە گوتەی بەڕێوبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی تاران، سیاوەش شەھریوەر، ئەو ژنانە منداڵە ساواكانیان بە ١٠٠ بۆ ٢٠٠هەزار تمەن دەفرۆشن.

سیاوەش شەهریوەر رایگەیاند: "ژنانی ئاڵوودە بە ماددەی هۆشبەر و "کرێکاری سێكسی" هێندێک جار منداڵە ساواکانیان دەفرۆشن".

گوتیشی: "دیاردەی فرۆشتنی منداڵی ساوا ساڵانێكە لە گەڕەکی "هەرەندی"ی شاری تاران ھەیە، بەشێك لەو ژنانەی لە گەڕەكی ھەرەند دەژین، بەمەبەستی فرۆشتنیان، منداڵیان دەبێت".

بەڕێوبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی تاران ئەوەشی خستەڕوو: "٨٠% ژنانی "کرێکاری سێكسی" و ئاڵوودە بە ماددەی هۆشبەر، كۆرپەكانیان هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن".

بە گوتەی ئەم بەرپرسەی شاری تاران، پێچەوانەی هەموو جیهان، لە ئێران رێکخراو یان شوێنێک بۆ چاودێریکردنی ئەم ژنانە نییە.

سەرۆکی کۆمیتەی کۆمەڵایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران، فاتمیە دانشوەر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "چەند مانگێك بەر لە ئێستا بۆ یەكەمجارئەو پرسەم ورووژاندووە".

دانشوەر، گوتی: "ئەو ژنانەی لەشفرۆشن و لە شەقام دەخەون منداڵە ساواکانیان بە   100 بۆ 200 هەزار تمەن دەفرۆشن كە دەكاتە کەمتر لە ٣٠ دۆلار".

فەرماندەی هێزی پۆلیسی تارانی گەورە، حوسێن ساجدی نیا، لە وەڵامی فاتیمە دانشوه‌ردا گوتی: "پێویستە بۆ چارەسەركردنی پرسی فرۆشتنی منداڵانی ساوا لە نێو ژنانی ئاڵوودە بە ماددەی ھۆشبەر بیرێكی جدی بكرێتەوە، ھەرچەندە تا ئێستا ھەواڵی فرۆشتنی منداڵی ساوامان پێنەگەیشتووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە ھیچ زانیارییەكمان لەو بارەیەوە نەبێت".

ھاوكات گوتەبێژی ھێزی پۆلیسی تاران، سەعید مونتەزر ئەلمەھدی ئاماژەی بە فرۆشتنی منداڵی ساوا كرد و گوتی: "فرۆشتنی منداڵ تاوانە و ئەو كەسانی ئەو كارە ئەنجام دەدەن رووبەڕووی دادگا دەبنەوە".

بەگوێری ئاماری ھێزی پۆلیسی تاران زیاتر لە 1500 ژنی گەڕۆكی ئاڵوودە بە ماددەی ھۆشبەر (ئەو ژنانەی ئاڵوودەبوونەكەیان ئاشكرایە) لە تاران ھەیە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی فریاكەوتنی ئێران، حەسەن مووسەوی، پێیوایە ھەژاری و پێویستيی ماڵی لە ھۆكارە سەرەكییەكانی فرۆشتنی منداڵی ساوایە و گوتی: "سیستەمی كۆمەڵایەتی ئێران بە شێوەیەكە، ھۆشیاركردنەوەیەكی گشتگیر و كاریگەر نییە، داكۆكی لەو كەسانە بكات".