سوپای ئه‌سه‌د لە سنووری تورکیا نزیکدەبێتەوە

یەپەگە و سوپای سووریا فشاری زۆریان خستووەتە سەر گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکان لە ناوچەکانی نزیکی سنووری تورکیا.

K24- هەولێر:

روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند هێزەکانی حکوومەتی سووریا نزیکەی حەوت کیلۆمەتریان ماوە بگەنە شاری تەل ریفعەت کە یەکێکە لە سێ گرنگترین پێگەی بەرهەڵستکارانی ئیسلامیی حکوومەتی سووریا و نزیکەی 20 کم لە سنووری تورکیاوە دوورە.

روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا راشیگەیاند کە: "هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی رووسیا ناو؟چەکانی دەوروبەری شاری حەلەب پێشڕەوی دەکەن و نزیکەی حەوت کیلۆمەتریان ماوە بگەنە شاری تەل ریفعەت کە یەکێکە لە سێ گرنگترین پێگەی بەرهەڵستکارانی ئیسلامیی حکوومەتی سووریا لە باکووری حەلەب و نزیکەی 20 کم لە سنووری تورکیاوە دوورە".

بەرهەڵستکارانی ئیسلامیی چەکداری حکوومەتی سووریا کە دیارترینیان گرووپی بەرەی نوسرەی سەر بە رێکخراوی قاعیدەیە سێ پێگەیان لە پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا هەیە کە بریتین لە ناوچەکانی (تەل ریفعەت، عزاز، مارع).

روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا دەشڵێ: "هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەرەو باکووری سووریا پێشڕەوی دەکەن بۆ دەستگرتنە سەر شاری تەل ریفعەت و دواتر ناوچەی عزاز، چونکە ئامانجی ئەوان گەیشتنە بە سنووری تورکیا بۆ رێگەگرتن لە دزەکردنی چەکداران و چەک لە تورکیاوە".

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە سوپای حکوومەتی سووریا هەفتەیەکە هێرشێکی سەربازیی فراوانی لە ناوچەکانی باکووری شاری حەلەب دەستپێکردووە و تا ئێستا چەند گوند و ناوچەیەکی لە بندەستی گرووپە ئیسلامییە بەرهەڵستکارەکان دەرکردووە و رێگەی گەیشتنی هاوکاریی بە گرووپە چەکدارەکان لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب بڕیوە.

هاوکات بە بۆچوونی چاودێران لەگەڵ چڕبوونی هێرشەکانی سوپای حکوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی بندەستی گرووپە بەرهەڵستکارە ئیسلامییەکان لە پارێزگای حەلەب، ئێستا ئەو گرووپانە لە ژێر فشاری هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای بەشار ئەسەدن، سەرۆکی سووریا.

سەرچاوە: AFP+ Reuters