عێراق هاوڵاتییەکی سعودییەی لە سێدارەدا

حەوت هاوڵاتیی دیکەی سعودییە لە عێراق سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و بڕیارە "لە داهاتوودا لە سێدارە بدرێن".

K24- هەولێر:

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاند بەغدا دوێنێ بە فەرمیی بە باڵوێخانەی سعودییەی لە عێراق راگەیاندووە کە عەبدوڵڵا عەزام ئەلقەحتانیی، کە هاوڵاتییەکی سعودییە و لە لایەن دادگاکانی عێراقەوە تۆمەتبارەکراوە بە تێوەگڵان لە تیرۆر، لە سێدارە داوە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودیی راشیگەیاند: "بەغدا رۆژی هەینیی رابردوو عەبدوڵڵا عەزام ئەلقەحتانیی بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە تێوەگڵان لە تیرۆر لە سێدارە داوە".

رۆژنامەکە دەشڵێ: "ئەلقەحتانیی لە ساڵی 2009 لە بەغدا دەستگیرکرا و ئێستا حەوت هاوڵاتیی سعودیی دیکە هەن کە بڕیاری لە سێدارەدانیان پەسەند کراوە و چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا لە سێدارە بدرێن".

بەپێی رۆژنامە سعودییەکە عەبدوڵڵا عەزام ئەلقەحتانیی بە کوشتنی چەند زەڕەنگەرێک لە بەغدا و تەقاندنەوەی چەند وەزارەتێک و باڵەخانەیەک لە عێراق تۆمەتبارکرابوو.