كۆمەڵێك چالاكوانی سیاسیی و مەدەنیی كورد ھەڵبژاردن بایكۆت دەكەن

بەشداریكردن لە گوتوێژی تەلەفریۆنی بیانیی و پەیوەندیکردن لەگەڵ رێكخراوی نایاسایی نموونەی ئەو تۆمەتانەن كە كاندیدە كوردەكان بەهۆیانەوە رەتكراونەتەوە.

K24ـ سنە:

كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنیی و سیاسیی لە رۆژھەڵاتی كوردستان رایانگەیاند کە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی بایكۆت دەكەن.

دوای ئەوەی زۆربەی كاندیدانی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە فیلتەری شورای نیگەھباندا دەرنەچوون، كۆمەڵێك لە چالاكوانی سیاسیی و مەدەنیی رۆژھەڵاتی كوردستان بڕیاریاندا بایكۆتی ھەڵبژاردن بكەن.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە شاری سنە بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "ئەگەری بەرفراوانبوونی بایكۆتی ھەڵبژاردن ھەیە، چونكە ھیچ كاندیدێكی دڵسۆز نەماوە، ھاوڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان بخوازن دەنگی پێ بدەن".

بەگوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان24) بەشێك لەو كاندیدانەی رەتكراونەتەوە لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ھەڕەشەیان لێكراوە كە نابێت سەبارەت بە بایكۆتكردنیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسە بكەن.

بەشداریكردن لە گوتوێژی تەلەفریۆنی بیانیی و پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی نایاسایی نموونەی ئەو تۆمەتانەن كە كاندیدانی كورد بەهۆیانەوە رەتكراوەنەتەوە.

ھەرچەندە لە ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەی یەكگرتووی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی ھەڵبژاردنی كردووە و چەندین كاندیدی بۆ بەشداریكردن لەو ھەڵبژاردنە دیاریكرد، بەڵام سەرجەمیان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە رەتكرانەوە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ھاوكات لە 26ی شوباتی 2016 بەڕێوەبچن.