كاندیدانی ناڕازی لەبەردەم شورای نیگەھبان كۆبوونەوە

K24 – تاران:
ژمارەیەك لەو كاندیدانی لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن رەتكردراونەتەوە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئەو ئەنجوومەنە كۆبوونەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی خەبەر ئانلاین، ژمارەی ئەو كاندیدە ناڕازیانە زیاتر لە 70 كەس بوون و سەرجەمیان لە شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا بەشدار بوون.
سەرۆكی گشتی حزبی (بەرگری لە فیداكاران و یاسا)، عەلیرەزا مەتانی گوتی: بەشێكی زۆر لەو فیداكارانە بە گۆێرەی بەندی 1 لە ماددەی 28 واتە بە ھۆی پابەندنەبوونیان بە ئیسلام و دەستووری بنەڕەتی ئێران رەتكراونەتەوە.
مەتانی گوتی: "ئەگەر بەھەر بیانوویەكی دیكە رەتیانكردباینەوە، ئاوا ناڕەزایەتیمان دەرنەدەبڕی".
سەرۆكی گشتی حزبی بەرگری لە فیداكاران و یاسا، گوتیشی: "چۆن دەكرێت ئەو فیداكارانەی 8 ساڵ بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە خەباتیان كردووە و بەشێك لە جەستەی خۆیان بەخشیوە (مەبەستی كەمئەندامانی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراقە) ئێستا تۆمەتی پابەندنەبوون بە ئیسلامیان لێبدرێت".
زیاتر لە 12 ھەزار كەس بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆیان كاندید كردبوو، لەو ژمارە نێوەیان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان رەتكردراونەتەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ھاوكات لە 26ی شوباتی 2016 بەڕێوەبچن.