ته‌له‌فزیۆنی رووسیا: هێزه‌كانی شیشان یارمه‌تی رووسیا ده‌ده‌ن له سووریا
K24 – مۆسكۆ:
ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی رووسیا بڵاویكرده‌وه، هێزه‌كانی شیشانی سه‌ر به كرملێن له‌سه‌ر خاكیی سووریا بوونیان هه‌یه، بۆ دیاریكردنی ئامانجی بۆردومانه‌كان زانیاریی سه‌ربازی له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش بۆ هێزی ئاسمانی رووسیا كۆده‌كه‌نه‌وه.
ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی رووسیا له ره‌مه‌زان قه‌دیرۆف سه‌رۆكی شیشانی سه‌ر به رووسیای گواستووه‌ته‌وه و گوتی: "تۆڕێكی سخوڕیكردنی فراوان له ناو داعش دامه‌زرێندراوه، باشترین شه‌ڕكه‌ره‌كان له كۆماری شیشان نێردراونه‌ته ناو داعش، ئه‌وان زانیاری له‌سه‌ر په‌یكه‌ری رێكخستنی تیرۆریستان و ژماره‌یان كۆده‌كه‌نه‌وه، ئامانجی بۆردومانكردن دیاریی ده‌كه‌ن و ئه‌نجامه‌كه‌شی تۆمارده‌كه‌ن".
ئێواره‌ی دوێنێ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی رووسیا راگه‌یاندنێكی بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه: "كاتی ئه‌وه‌یه باس له ژماره‌ی ئه‌و هێزانه بكرێت (ئه‌وانه‌ی ژیانی خۆیان ده‌كه‌نه قوربانی)، هه‌ماهه‌نگی له بۆردومانه‌كانی رووسیا ده‌كه‌ن له سوویا".
كه‌ناڵه‌كه چه‌ند گرته‌یه‌كی نیشاندا، له گرته‌كان سه‌ربازگه‌یه‌كی مه‌شقپێكردنی له شیشان نیشاندا و رایگه‌یاند: "ئه‌وه شوێنی مه‌شقكردنی ئه‌و سه‌ربازانه‌یه كه ئێستا له سووریا له ئه‌ركدان".
له گرته‌كان سه‌دان سه‌ربازی به‌چه‌ك و ئۆتۆمبێڵی سه‌ربازیی به دیار ده‌كه‌ون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پیاوێك ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ند جارێك به ده‌مانچه‌كه‌ی ته‌قه ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌وه ده‌چوو خولێكی مه‌شق و راهێنانی تایبه‌ت بێت به شه‌ڕ و كوشتاره‌كانی ناو شاره‌كاندا.
هه‌ر له‌و گرتانه‌دا، ره‌مه‌زان قه‌دیرۆف سه‌رۆكی شیشان ده‌رده‌كه‌وێت به چه‌كێك ته‌قه له ئامانجێك ده‌كات.
قه‌دیرۆف گوتوویه‌تی: "پیاوه‌كانی له سووریا زیانیان به‌ركه‌وتووه".
له تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر2015 ، ره‌مه‌زان قه‌دیرۆف سه‌رۆكی شیشان گوتبووی: "ئه‌و ئاره‌زوو ده‌كات سه‌ربازانی شیشانی بنێرێته سووریا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌كان بكه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كوو سه‌رۆكی رووسیا رێگا به بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان نه‌دات له سووریا، ئه‌و كاره ناكات".
به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی رووماڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی رووسیا، وێناكردنی تێڕوانینه‌كانی كرملێن ده‌كات.
لای خۆیه‌وه دیمیتری بیسكۆڤ گوته‌بێژی سه‌رۆكی رووسیا ره‌تیكرده‌وه بوونی هێزه‌كانی شیشان له سووریا دووپات بكاته‌وه.
له 30 ئه‌یلوول/سیپتێمبه‌ر 2015 رووسیا بۆردومانه‌كانی له سووریا ده‌ستپێكرد و بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی دامه‌زراندووه، هه‌روه‌ها هێزی پیاده و زرێپۆشی رووسیا له سووریا هه‌یه، له‌گه‌ڵ بوونی راهێنه‌ران و راوێژكارانی سه‌ربازی كه له‌گه‌ڵ سوپای سووریادا كارده‌كه‌ن.
لای خۆیانه‌وه دیبلۆماتكارانی رۆژئاوا گوتوویانه: "هێزیی تایبه‌تی رووسیا له سووریا هه‌یه"، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی رووسیا به روونی ئه‌وه‌یان ئاشكرانه‌كردووه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز