رۆژنامەیەکی ئێران: نەیارانی حکوومەت دەستیان پڕ و گیرفانیان گەرمە

"ترسی ئێمە لەوەیدایە خودا نەكا ئەو رۆژە بێت، پارێزگاران، خەمخۆران، ھەستیارەكان و باوانی سەلەفیی لەگەڵ ئەحمەدی نژاد بڕۆن و ھەموان ببنە ریفۆرمخواز"

K24- هەولێر:

ھەر دوو باڵی ریفۆرمخواز و پارێزگار لە رۆژنامەكانی ئەمرۆی ئێراندا بەردەوامن لە رەخنەگرتن و تۆمەتباركردنی یەكدی و لەگەڵ نزیكبوونەوەی رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، ھێرشەكانیان تووندتر بووە.

وتارێكی رۆژنامەی شەرق، شرۆڤەی بۆ رەخنەكانی باڵی پارێزگاران لە ریفۆرمخوازان كردووە، بە بڕوای نووسەر نەیارانی حكوومەت، واتا تووندڕەوان خۆیان بەجۆرێك دەردەخن، وەكوو بڵێی زۆر دڵسۆزن، بەڵام ئەوان رەخنەگر نین بەڵكوو "وێرانكارن" و نووسیوێتی: "تووندڕەوەكان دەستێان پڕ و گیرفانیان گەرمە، ئامرازەكانی راگەیاندیان لەبەر دەستە، حكوومەت بە بەراورد لەگەڵ ئەوان ھیچی نییە، پارێزگاران سەدان ماڵپەڕی چالاكییان ھەیە و سەرقاڵی دژایەتیكردنی حكوومەتن".

هاوکات رۆژنامەی ئێران نووسیوێتی: "دوو رۆژ بەسەر گوتاری سەرۆك كۆمار، حەسەن رووحانیدا تێدەپەڕێت، بەڵام میدیاكانی سەر بە پارێزگاران، بەتایبەت تەلەفزیۆن بڵاویاننەكردووەتەوە، دەزانن بۆ چی؟ چونكە باسی لە رۆڵی ژنان كردووە".

رۆژنامەی قانوون سەبارەت بە بەخشینی میدالیای شانازیی لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە بە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئێران و شاندی دانووستانكاری بەرنامەی ناووكی نووسیوێتی: "بەخشینی میدالیای شانازیی پێویستە لە لایەن ناوەندێكی سەربەخۆ و لە دەرەوەی حكوومەت بێت، ئێمە ھەست بەوەدەكەین و دەزانین، لە سەردەمی دانووستانەكانی ناووكیدا ملیۆنان ھاووڵاتیی دڵڕاوكێیان ھەبوو. دەی با واز لەو قسانە بێنێن، لە وڵاتانی پێشكەوتوو لێژنەیەكی تایبەت پێكدێت بۆ بەخشینی میدالیا، ئەو لێژنەیە نە سەر بە حكوومەتە و نە سەر بە دەوڵەت، كۆمەڵێك كەسایەتیی دیار و بەرچاوی ھەڵكەوتوو ئەو كارە ئەنجامدەدەن".

گوێچكەی خەڵك بە دەستەواژەی "بۆ یەكەمینجار" پڕ بووە

رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران، بە ھۆی دروستكردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی، رەخنە لە حكوومەت دەگرێت و نووسیوێتی: "لە نیوەی رێگەی ساڵی سێیەمی كابینەی یازدەیەم، گوێچكەی خەڵك بە دەستەواژەی بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ئێراندا پڕ بووە، خۆ دەبوایە بەرھەمی تەنیا یەك یەكەمینجار لە ژیانی خەلكدا رەنگیدابایە، بەڵام مخابن ھیچ شتێك دیار نییە".

تەنز نووسی گۆشەی تەنزی رۆژنامەی شەرقی ئێران نووسیوێتی: "یەكێك لە ترسەکانی ئێمە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانە؟ نەخێر.. نەخێر پێتانوانەبێت ئێمە ترسمان ھەیە، بە ھیچ شێوەیەك، ترسی ئێمە لەوەیدایە خودا نەكا ئەو رۆژە بێت، پارێزگاران، خەمخۆران، ھەستیارەكان و باوانی سەلەفیی لەگەڵ ئەحمەدی نژاد بڕۆن و ھەموان ببنە ریفۆرمخواز، خۆ پارێزگاران بەجۆرێك دەدوێن وەك بڵێیی ھەر ئێستا لە بۆشایی ئاسمانەوە ھاتبێتن و نەزانن وڵات بۆ وای لێھاتووە".