ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ داوای دەكەن ھەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەنەچێت
K24- تاران:
زیاتر لە 300 مامۆستای زانكۆ لە نامەیەكی كراوەدا کە بۆ سەرۆك كۆماری ئێرانیان ناردووە، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە رەتكردنەوەی بەرفراوانی كاندیدانی باڵی رێفۆرمخواز دەربڕی و رایانگەیاند ئەگەر بڕیارە دەنگی جیاواز لەو ھەڵبژاردنەدا نەبێت، بەڕێوەنەچوونی باشترە.
ھەوڵەكان بۆ گەراندنەوەی كاندیدە رەتكراوەكان ھەر بەردەوامە و بەشێك لە ماموستایانی زانكۆ و توێژەرە ئاكادێمییەكانی ئێران لەنامەیەكدا داوایان لە حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران كردووە، بوار بۆ ھەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و فرە دەنگ و رەنگ برەخسێنێت.
ماڵپەرێكی نزیك لە میرحوسێن مووسەویی، سەركردەی بەندكراوی ریفۆرمخوازان ئەو نامەیەی بڵاوكردووەتەوە.
لە نامەكەی ئەو مامۆستایانەدا ھاتووە: "رەتكردنەوەی ریفۆرمخوازان بەو رێژە بەرفراوانە ھاوڵاتیان لە چوون بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان دڵسارد دەكاتەوە".
ھەروەھا باس لەوەكراوە، کە پێویستە سەرۆك كۆمار پابەندی ئەو "سوێندە" بێت كە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا خواردوویەتی و ھەوڵبدات بوار بۆ ھەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە بڕەخسێنێت، بە جۆرێك سەرجەم دەنگ و رەنگەكانی ئێران خۆیانی تێدا ببێننەوە".
ئەو نامەیە واژووی نوێنەرانی مامۆستایانی سەرجەم زانكۆكانی ئێرانی پێوەیەوە و نووسیویانە: "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كەشێكی نادادپەروەرانەدا كە كێبەركێ و رای جیاوازی تێدانەبێت، پێگەی ئێران لە جیھاندا لاواز دەكات، بۆیە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنەكە زۆر باشترە".
ئەو نامەیە لەكاتێكدایە پێشتر سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی رایگەیاند: "ھەموو دەسەڵاتەكانم بۆ ھێنانەوەی زۆرترین ژمارەی كاندیدە رەتكراوەكان بەكاردێنم".
هاوکات ھەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بۆ گەڕاندنەوەی كاندیدە ریفۆرمخوازە دیارەكان و كاندیدەكانی بەرەی یەكگرتووی كورد تا ئێستا سەركەوتوو نەبوون.