پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا تاوتوێ دەكەن

سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا و دواین سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمیان بۆ بەغدا تاوتوێ کرد.

K24- هەولێر:

نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە دیدارێکدا لە هەولێر پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا و دواین سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمیان بۆ بەغدا تاوتوێ کرد.

یان کۆبیش لە دیدارەکەدا ئاماژەی کرد کە ئامانجی سەردانەکەی لە نزیكەوە ئاگاداربوونە لە رەوشی هەرێمی كوردستان.

هاوکات نێچیرڤان بارزانیی باسی هێرش و هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری هەڵاتوو لە دەستی تیرۆر و هۆكاری دروستبوونی ئەو قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان كرد.

سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان هەروەها هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە رووی سەربازیی و مرۆیی و چارەكردن و دەربازكردن لە قەیرانی دارایی هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دوێنێ، سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لە یەكەم وێستەگەیدا دیدارێکی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەنجامدا و دواتر لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەوە.