ئيمارات.. وه‌زیری به‌خته‌وه‌ریی داده‌مه‌زرێنێت

K24 ـ هه‌ولێر:
ئیماراتی عه‌ره‌بیی رایگه‌یاند، گۆڕانكاریی له پێكهاته‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات و وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ به‌خته‌وه‌ریی داده‌مه‌زرێنێت.
به‌گوێره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه، وه‌زیرێكی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌خته‌وه‌ریی و وەزیرێکی دیكه بۆ لێبورده‌یی وه‌كوو دوو پۆستی نوێ داده‌مه‌زرێنێت، جگه له‌مانه‌ش ئیمارت وه‌زیرێك له ره‌گه‌زی مێ بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری "لاوان" دیاریده‌كات به مه‌رجێك ته‌مه‌نی له 22 ساڵ زیاتر نه‌بێت.
شێخ محه‌ممه‌د كوڕی را‌شد ئال مه‌كتوم، جێگری سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات و ده‌سه‌ڵاتداری میرنشینی دوبه‌ی گوتی: "داهێنانی پۆستی وه‌زیری به‌خته‌وه‌ریی بۆ یه‌كه‌مجار له ئیمارات، بۆ هاوته‌ریبكردنی سه‌رجه‌م پلانه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تی حكوومه‌ته له پێناو به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانیی بۆ کۆمه‌ڵگه".
سه‌باره‌ت به دروستكردنی پۆستێك به ناوی وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ لێبورده‌یی، شێخ محه‌ممه‌د گوتی: " ئه‌مه‌شیان بۆ قوڵكردنی لێبورده‌ییه وه‌كوو به‌هایه‌كی گرنگ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیمارات".
ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له په‌یكه‌ری حكوومه‌تی ئیمارات ده‌كرێت، به گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری داده‌ندرێت له مێژووی حكوومه‌تی ئیمارات.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: حكوومه‌تی نوێی ئیمارات كه‌مترین وه‌زاره‌ت له خۆده‌گرێت و زۆرترین وه‌زیری ده‌بێت بۆ به ئاسانی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دۆسیه نیشتمانی و ستراتیژییه‌كان.
به‌گوێره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات، ئه‌نجوومه‌نێكی لاوان داده‌مه‌زرێت كه ده‌سته‌بژێری كوڕان و كچانی ئیمارات له‌خۆده‌گرێت، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ش له لایه‌ن وه‌زیرێك له ره‌گه‌زی مێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت كه ته‌مه‌نی له 22 ساڵ زیاتر نه‌بێت.
ئه‌م لێدوانه‌ی شێخ محه‌ممه‌د له میانه‌ی به‌شداریكردنی هات له چالاكییه‌كانی لوتكه‌ی جیهانیی بۆ حكوومه‌ته‌كان، به به‌شداریی نوێنه‌رانی 125 ده‌وڵه‌ت و نزیكه‌ی 3000 به‌شداربوو.