عەبادیی سەردانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەكات

بەشداریی لە کۆنگرەی ئاسایش دەکات

K24 - ھەولێر:

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند حەیدەر عەبادیی سەردانی ھەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەكات و تاوتوێکردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە و شەڕی دژی داعش.

لە راگەیاندراوێكدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: "ئەمڕۆ حەیدەر عەبادیی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵات کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوانیان و شەڕی دژی داعش تاوتوێ دەکات".

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە: "بڕیارە حەیدەرعەبادیی بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی میونیخ بۆ ئاسایش بکات، ھەروەھا لەو چوارچێوەیەدا داوای هاوکاریی سەربازیی زیاتر بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش بکات".

سەردانی عەبادیی بۆ ئەوروپا و بەشداریكردنی لە كۆنگرەی ئاسایش لە كاتێكدایە بە بڕوای شارەزایان رەوشی عێراق لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە لە بارێكی خراپدایە، لە ھەمانكاتدا تا ئێستا چەند شارێكی عێراق لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدایە.