رووحانیی: پەیوەندیی ئێران و جیھان براوە – براوەیە

رۆژنامەی ھاودڵیی: پۆلیسی ئێران ھۆكاری ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی سعودییە بووە.

K24- ھەولێر:

گوتاری حەسەن رووحانیی، سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە پەیوەندییەكانی وڵاتەکەی لەگەڵ جیھان، گوتاری وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە رێككەوتنی ناووكی، داواكردن لە خەڵك بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژارن بابەتە گرنگەكانی ئەمرۆی رۆژنامەكانی ئێرانن.

رۆژنامەی ئیتلاعاتی ئێران باسی گوتەكانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات لە مەراسیمی دەستپێكی 138 پڕۆژەی پارێزگاكانی ئێران، کە تێیدا رووحانیی گوتی: "بنەمای پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ جیھان براوە- براوەیە، بەڵام تاكوو گەندەڵیی لە وڵات بمێنێت، ھەرگیز پێشناكەوین".

بەڵام رۆژنامەی ئەسرار گوتەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریفی گواستووەتە، کە تێیدا گوتی: "رێككەوتنی ناووكی ھەرگیز بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، گۆمانم نییە دەتوانین ئەو رێگە تەمومەژاوییەی ئێستا رووناك بكەینەوە، نەیارانیش ناچارن تیشكی خۆر ببین و بەرەو ئەو تیشكە ھەنگاو بنێن".

رۆژنامەی ریسالەت دروشمی باڵی پارێزگارانی ئێرانی بۆ ھەڵبژاردن ئاشكرا دەکات و دەڵێ: "ژیان، ئاسایش و پێشكەوتن دروشمی پارێزگارانە".

هاوکات گوتەبێژی باڵی پارێزگاران، غوڵام عەلی عادل بە گوێرەی رۆژنامەکە دەڵێ: "بە رەواڵەت ھەڵبژاردن، كێبەركێی لایەنە سیاسیەكانە، بەڵام لە راستیدا ھەڵبژاردن ھەستی شوناسی سیاسیی، سەربەخۆیی و سەروەری نیشتمانییە".

"باری سەرشانی رەفسەنجانیی قورسە"

رۆژنەمەی ئارمان نووسیوێتی: "محەممەد حوسێن بەھەشتیی و مورتەزا موتەھەریی (کە دوو كەسایەتی دیاری دەستەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و لە تەقینەوەیەكدا کوژران)، رۆیشتن و ئێستا باری شۆرش كەوتووەتە سەر شانی ھاشمی رەفسەنجانیی، بەڵام نایەڵین تەنیا بێت".

رۆژنامەی ھاودڵیی نووسیوێتی: "ھۆكاری سووتاندنی باڵویزخانەی سعودییە پۆلیسی ئێران بوو".

ئامادەکردن: لەیلا قادریی