به‌ ڤیدیۆ.. چیرۆكی مووچه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی گواردیۆلا شۆكهێنه‌ره‌

بزانه‌ گواردیۆلا به‌ داهاته‌كه‌ی چی پێ ده‌كڕدرێت؟

K24 ـ هه‌ولێر

دوای ئه‌وه‌ی پێپ گواردیۆلا وه‌ك راهێنه‌ری یانه‌ی مانسیتی ده‌ستنیشان كرا، هانده‌ران باس له‌ مووچه‌ی ئه‌و راهێنه‌ره‌ ده‌كه‌ن، پێیان وایه‌ مووچه‌ی گواردیۆلا خه‌یاڵیه‌ و ئاواته‌خوازن ده‌ستكه‌وته‌كانیشی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ خه‌یاڵی بێت.

هێشتا پیپ گواردیۆلا لە ئەڵمانیایە و نەچووەتە مانچێستەر، کەچی لە بەریتانیا باس باسی مووچە خەیاڵییەکەی ئەو راهێنەرە ئیسپانییەیە و وای لێهاتووە، هەر یەکەو ژمێرەرێکی بەدەستە و مووچەکەی گواردیۆلا لێک دەداتەوە.

گواردیۆلا بۆ ماوەی 3 ساڵ راهێنەرایەتی مانچێستەر سیتی دەکات و ساڵانە ٢٧ ملیۆن دۆلاری وەکو مووچە پێدەدرێت، کە دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە، تەنانەت مووچەکەی لە چەندان ئەستێرەی بەناوبانگی تۆپی پێ زیاترە.

گواردیۆلا لە کاتی دەستبەکاربوونی وەکو بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی، لە هەر چرکەیەک دەتوانێت دۆلارێک وەکو مووچە بەدەست بهێنێت و دوای تێپەڕبوونی هەر خولەکێکیش دەبێتە خاوەنی ٦٠ دۆلار.

گواردیۆلا تەنیا دوای تێپەڕبوونی ١١ چرکە دەتوانێت بە مووچەکەی خەرجی ژەمێکی رێستۆرانتی ماکدۆناڵدز دابین بکات، دەشتوانێت بە داهاتی خولەکێکی درێسێکی ئۆفیشەل بۆ هاندەرێکی مانچێستەر سیتی بکڕێت، خۆ ئەگەر ویستیشی، ئەوا دەتوانێت بە داهاتی دوو خولەکی ژیانی پێڵاوێکی وەرزشیی ئادیداس بۆ کوڕەکەی بکڕێت.

راهێنەرەکەی ئێستای بایرن میونشن دەشتوانێت بە داهاتی سەعاتێکی ماکێک بۆ منداڵەکەی بکڕێت، دەشتوانێت دوای تێپەڕبوونی سەعاتێک خەرجی گەشتکردنی بۆ وڵاتە گەشتیارییەکان دابین بکات.

مووچەکەی گواردیۆلا ئەوەندە زۆرە، هەر چییەک بە خەیاڵی بێت دەتوانێت بیکڕێت، بۆ نموونە ئەگەر ویستی ئۆتۆمبێڵێکی مۆدێل نوێی مێرسیدس یان بی ئێم دەبلیو بکڕێت، ئەوا تەنیا تێپەڕبوونی رۆژێک بەسە بۆ ئەوەی بە تەکسییەک بچێتە یەکێک لەو کۆمپانیایانە و بە ئۆتۆمبێڵێکەوە بگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەری هونەری داهاتووی مان سیتی بە مووچەی هەفتەیەکی دەتوانێت رۆبۆتێکی ژاپۆنی بکڕێت و لە ماڵەوە کاری پێ بکات، دەشتوانێت بە مووچەی هەفتەیەکی دوورگەیەک لە یۆنان بکڕێت، ئەگەر حەزیشی کرد، دەتوانێت بە مووچەی مانگێکی کە دوو ملیۆن و نیو دۆلارە، لەبری ئۆتۆمبێڵێک تانکێکی چینی بکڕێت، کە یەکێکە لە باشترین تانکەکانی جیهان.

گواردیۆلا ئەگەر ویستی بە مووچەی ساڵێکی لە ئیمارات دەتوانێت چوار شووقە لە تاوەری خەلیفە بکڕێت.

مووچەکەی گواردیۆلا خەیاڵییە، بۆیە هاندەرانی مانچێستەر سیتی لە ئێستاوە خەیاڵی گەورەیان لەسەر تواناکانی راهێنەرەکی پێشووی بارسێلۆنا هەڵچنیوە و چاوەڕی دەکەن ژمارەی بردنەوە و ناسناوەکانی یانەکەیان هاوتەریبی مووچە و داهاتی راهێنەرەکەیان بێت.