نووسەرێكی تورك: لە مێژە كاتی سەربەخۆی كوردەكان ھاتووە

"مێژوو بونیاد دەنریتەوە، کاتێ کە باسی سەربەخۆیی کورد دەکرێت کوردەکان لە چوار پارچە یەکدەگرنەوە"

K24 - سلێمانی:

جەنگیز چاندار، نووسەری دیاری تورك كە بەسەردان لە باشووری كوردستانە رایگەیاند، لە مێژە كاتی سەربەخۆی كوردان ھاتووە.

جەنگیز چاندار، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە مێژە کاتی سەربەخویی کوردەکان ھاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی پێشھاتەكان کاتیان ھاتووە مەرج نییە وەک خۆیان یەک بگرن و لە كاتی خۆی رووبدەن".

جەنگیز چاندار گوتیشی: "مێژوو بونیاد دەنریتەوە، کاتێ کە باسی سەربەخۆیی کورد دەکرێت کوردەکان لە چوار پارچە یەکدەگرنەوە، کوردەکانی تورکیا ناتوانن سەربەخویی وەربگرن بۆیە بارودۆخێکی لەبارنییە تا ھەموو کوردەکان سەربەخۆیی بە دەست بێنن، ئەگەر خوا تەمەنمان بدات دوای ١٠ ساڵی دیكە لێم بپرسیتەوە، وەڵامێکی روونی ئەو پرسیارەی تۆ دەدەمەوە".

جەنگیز چاندار، یەكێكە لە نووسەرە دیارەكانی توركیا و چەند جارێك لەسەر نووسینەكانی تووشی لێپرسینەوە و گرفت بووەتەوە، ئەو خاوەنی كتێبی (شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا) ئەم كتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردیی، گەشتێكە بە مێژووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەك رێزگرتن لە ھەڵوێستەكانی ئەو نووسەرە و بەرزنرخاندنی خەبات و ماندوبوونی، لە بارەگای رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە سلێمانی، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسان و نووسەر و رۆژنامەنووسان خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە جەنگیز چاندار.

جەنگیز چاندار، نووسەرێکی ناوداری تورکیایە، لە ساڵی 1948 لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە لەدایکبووە. نووسەری 9 کتێبە لە بواری سیاسەت و مێژوودا، هەفتانە گوتارەکانی لە چەندین رۆژنامە و ماڵپەڕ بڵاودەبنەوە.

چاندار کە وەک راوێژکارێکی تایبەتی سەرۆکی پێشووتری تورکیا، تورگوت ئۆزاڵ لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1993 دا کاریکردووە، دۆستی گەلی کوردە و سەرکردایەتی تیمی پردی پەیوەندیی نێوان تورگوت ئۆزاڵ و مەسعوود بارزانیی و جەلال تاڵەبانیی کردووە.

كتێبی‌ شه‌مه‌ندەفەری‌ میزۆپۆتامیا، گه‌شتێكی‌ مێژووییه‌ به‌ توركیا و باکووری كوردستان و رووداوه‌ سیاسییه‌كاندا. له‌ پێشه‌كی‌ ئەم كتێبه‌‌دا هاتووه‌: "بایه‌خی‌ ئه‌م كتێبه‌ هه‌ر له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ به‌شێكی‌ رووداوه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان‌ و توركیا و عێراق‌ و ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌ریی‌ سیاسیی‌ ئه‌مریكا و رۆژئاوا به‌سه‌ریانه‌وه‌ یاداشت ده‌كات‌ و به‌ مێژووی‌ ده‌سپێرێت، به‌ڵكوو شێوازی‌ نووسین‌ و ئه‌زموونی‌ گیڕانه‌وه ‌و سه‌فه‌ری‌ شه‌مه‌ندەفەری‌ جه‌نگیز چاندار به‌ ناو جوگرافیا و مێژوو رووداوه‌كانی‌ كه‌ خۆی‌ شایه‌ت بوو له‌سه‌ریان كۆمه‌ڵێك وانه‌ن بۆ رۆژنامه‌وان‌ و نووسه‌ری‌ كورد".

ئا: ھەڤاڵ مەلا

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/294a58dd-0995-4b35-a3df-cbece5a2f476/jangis.ism/manifest