گاردیان: ژمارەی قوربانیانی جەنگی سووریا گەیشتە 470 هەزار قوربانیی

ئاژانسێک: رووسیا لە هەفتەی رابردوودا 1900 مۆڵگە و کاروانی تیرۆریستانی لە سووریا کردووەتە ئامانج

K24- هەولێر:

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند ژمارەی کوژراوانی جەنگی سووریا کە نزیکەی پێنج ساڵە بەردەوامە گەیشتووەتە 470 هەزار کوژراو و ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەکیی گیانیان لەدەستداوە لە سووریا گەیشتووەتە 70 هەزار قوربانیی.

رۆژنامەی گاردیان لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە زاری سەنتەری سووریا بۆ توێژینەوە و سیاسەت، راشیگەیاند کە: "ئەم ژمارە لەپاڵ ژمارەی بریندارەکان دەکاتە 11%  دانیشتوانی سووریا".

رۆژنامەکە دەشڵێ: "نزیکەی 400 هەزار لە قوربانیانی سووریا راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەهۆی توندڕەوییە گیانیان لە دەستداوە و 70 هەزاری دیکەش بەهۆی نەبوونی چاودێریی تەندروستیی گونجاو و دەرمان و ئاوی پاک و شوێنی مانەوە گیانیان لە دەستداوە".

رۆژنامەکە ئاماژەش دەکات کە: "ملیۆنێک و 900 هەزار کەس لە سووریا بەهۆی جەنگەوە برینداربوونە و رێژەی نێوەندیی تەمەنیش کە لە ساڵی 2010 بە 70 ساڵ پێشبینی دەکرا لە ساڵی 2015 دابەزی بۆ 55.4 ساڵ و زیانی ئابووریی (سووریا)ش تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 255 ملیار دۆلار".

ئەمە لە کاتێکدایە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هەوڵی لەناوبردنی رێکخراوی داعش دەدات لە سووریا، هاوکات هەوڵی لە دەسەڵات لابردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەدات، بەڵام رووسیا و ئێران پاڵپشتیی ئەسەد دەکەن و روووبەڕووی نەیارانی ئەسەدیش دەبنەوە وەک سعودییە.

هەروەها ئاژانسی (تاس)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری وەزارەتی بەرگریی رووسیای گواستەوە کە: "فڕۆکەکانی رووسیا لە ماوەی نێوان چواری تاوەکوو یازدەی مانگی فەبرایەر (مانگی دوو) 510 هێرشی ئاسمانیان لە سووریا ئەنجامداوە".

ئاژانسەکە دەشڵێ: "رووسیا لە هەفتەی رابردوودا 1900 مۆڵگە و کاروانی تیرۆریستانی لە سووریا کردووەتە ئامانج".

ئامادەکردن: ئاسۆ فیشەگیی