"ئه‌سه‌د و كۆمپانیایه‌كی نزیك له پوتین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داعش ده‌كه‌ن"
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی رایگه‌یاندووه، رووسیا و ئه‌سه‌د، له رێگای كۆمپانیایه‌كی گاز له نزیك ره‌ققه‌ی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداری داعش، هاوكاری ئه‌و رێكخراوه ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكرای كردووه، كۆمپانیاكه رووسیه و له ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته نزیكه، هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی سوود له كێڵگه گازییه‌كانی توینانی نزیك ره‌ققه وه‌ربگرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریاش هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌دا هه‌یه.
گۆڤاری "فۆرین پۆڵیسی"، له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، جینادی تیمچینكۆی ملیاردێری رووسی و خاوه‌نی كۆمپانیای "ستروترانز گاز"، په‌یوه‌ندییه‌كی "پته‌وی" له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی رووسیادا هه‌یه كه وه‌به‌رهێنان له كێڵگه گازییه‌كانی توینانی سه‌ر به پارێزگای ره‌ققه ده‌كات.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كۆمپانیای "ستروترانز گاز"ی خستووه‌ته لیستی ئه‌و كۆمپانیا رووسیانه‌ی كه به‌هۆی ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی ئه‌و وڵاته له ئۆكرانیا، بایكۆتی كردوون.
له مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015دا، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌هه‌مان شێوه بڕیارێكی له دژی جۆرج حه‌سوانی (سووری رووسی)، خاوه‌نی كۆمپانیای "حه‌سه‌كۆ" ده‌ركرد، كه هاوكاری "ستروترانز گاز"ی كردووه بۆ بنیانتانانی دامه‌زراوه‌كانی كۆمپانیاكه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كه‌دا.
له ساڵی 2013دا، سوپای ئازادی سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆنی سووریا له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره، ده‌ستییان به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی تویناندا گرت، به گوێره‌ی به‌رپرسانی ئه‌و كاتی به‌ره‌ی نوسره، شاره‌زایانی رووس دامه‌زراوه‌كه‌یان جێهێشت و گه‌ڕانه‌وه وڵاته‌كه‌یان.
له ساڵی 2014دا، دوای شه‌ڕ و پێكدادانێك، چه‌كدارانی داعش توانیان كۆنتڕۆڵی كێڵگه‌ی توینان له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره ده‌ربهێنن و رۆژنامه‌ی "تشرین"ی حكوومه‌تی سووریاش رایگه‌یاند، دامه‌زراوه گازییه‌كانی توینان له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومه‌تی سووریادایه و كۆمپانیای "ستروترانز گاز" بیناتنانی دامه‌زراوه‌كه‌ی ته‌واو كرد و له رێوڕسمێكدا راده‌ستی حكوومه‌تی سووریای كرده‌وه.
له ده‌سپێكی ساڵی 2015دا، كیڵگه گازییه‌كه، به ته‌واوی تواناكانییه‌وه كار ده‌كات، ده‌یڤید به‌تار، شاره‌زا له له په‌یمانگای "چاتهام هاوس" له له‌نده‌ن، بۆ گۆڤاری "فۆرن پۆله‌سی" گوتی: "رێژه‌یه‌ك له گازه‌كه ده‌نێردرێته وێستگه‌ی كاره‌بایی حه‌له‌ب كه له‌ژێر ده‌ستی داعشه و به‌شێكی دیكه‌شی بۆ حیمس و دیمه‌شق ده‌نێردرێت".
پێشتریش گرووپی "ره‌ققه له بێده‌نگیدا ده‌مرێت – الرقة تذبح فی صمت"، كه گرووپێكی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌و شاره‌ن، كار بۆ ئازادكردنی ره‌ققه ده‌كه‌ن له‌ژێر ده‌ستی داعش، رایانگه‌یاندبوو، كۆمپانیای "حه‌سه‌كۆ" گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعشدا ئیمزا كردووه، بۆ به‌رده‌وامیدان به كاركردن له كیڵگه‌كانی گازی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رێكخراوه و به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ش، رێژه‌یه‌كی زۆر له داهاتی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه بۆ داعش ده‌بێت.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی "فاینه‌نشه‌ڵ تایمز"ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، كۆمپانیای "حه‌سه‌كۆ"ی رووسیا، مانگانه 50 هه‌زار دۆلار به داعش ده‌دات.
به گوێره‌ی راپۆرتی ناوه‌ندی "كارنیگی" ئه‌مه‌ریكی، كه له‌مانگی رابردوودا بڵاویكرده‌وه، له سه‌ره‌تای درووستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كداری سووریا، رێككه‌وتن و گرێبه‌ستی زۆر له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا بوونیان هه‌یه.
ئارۆن لۆند، سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی تایبه‌ت به سووریا له راپۆرتی ئه‌و ناوه‌نده‌دا ده‌ڵێت: "رێككه‌وتن له‌نێوان داعش و حكوومه‌تی ئه‌سه‌د، داعش و رێكخراوه سووننییه‌كان، داعش و كورد، كورد و حكوومه‌تی ئه‌سه‌د دا هه‌یه".
سه‌رچاوه: گۆڤاری "فۆرین پۆڵیسی"