زەنگەنە: شەڕ لە ناوچەكە شەڕی دەست شكاندنە

ململانێی ئێران و سعودییە ناكۆكییەكانی عێراق زیاد دەكات.
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لەلێدوانێكی تایبەت بە كوردستان 24، شرۆڤەكاری سیاسی، مەسعوود زەنگەنە سەبارەت بە راگرتنی ئەو چەكانەی بۆ سووننەكان ھاتووە گوتی: "رێككەوتنێك لە نێوان عێراق و ئەمریكا داھەیە، ھەر كاتێك یارمەتی بۆ عێراق بێت ئەگەر چەك بێت، پێویستە لە فرۆكەخانە رابگیرێت و دوای تاقیكردنەوە و دەرچوون لێی، بدرێتە بە لایەنی پەیوەندیدار".

زەنگەنە گوتیشی: "زۆرجار بەشی تاكنیكی كێشەی بۆ درووست دەبێت و تاقیكردنەوەی چەكەكان دوا دەكەوێت، بەڵام ھەندێكجار پرسەكە سیاسیە، بۆ وێنە بینیومانە كاتێك چەك بۆ پێشمەرگە دێت، لە فڕۆكەخانە رایدەگرن و نایەڵن بگاتە دەست پێشمەرگە".

لەبارەی ئەم چەكانەش كە بۆ لایەنی سووننە بەمەبەستی بەكارھێنانیان بۆ شەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ گەیشتوونەتە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دەگوترێت كە شیعەكان دەستییان بەسەرداگرتووە، ئەو شرۆڤەكارە سیاسیە گوتی: "ئەوە دووبەرەكییە، ھۆكارەكەشی ململانەی ئێران و سعودییەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێران ھەژموونی بەسەر عێراقدا زیاترە، ئەو چەكانە لە فرۆكەخانەی بەغدا راگیراون".

سەبارەت بە ناكۆكی و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و عێراق كە راستەوخۆ كاریگەری خستووەتە سەر عێراق، مسعوود زەنگەنە ئەوەشی خستوڕوو: "ئەو شەرەی لە ناوچەكەدا ھەیە، شەڕی سارد نییە، بەڵكو شەڕی دەست شكاندنە، یەك لەو دوو وڵاتە زلھێزەی ناوچەكە دەبێت دەستی بشكێت. سعودییە دەیەوێت، لە عێراق، یەمەن و لوبنان رۆڵی ھەبێت، ئێرانیش دەیەوێت شەرەكە بە قازانجی خۆی تەوابكات".

بۆ سەڵماندنی گوتەكانی زەنگەنە، ئاماژەی بەو گوتەیەی وەزیری بەرگری ئەمریكا، ئاشتن كارتەر كرد كە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بانگھێشتی وڵاتانی عەرەبی كرد، بۆ ئەوەی لە بەرەیەكدا دژی داعش شەڕ بكەن. بە گوتەی زەنگەنە ئەو پەیامە بە مانای پاڵپشتی ئەمریكا لە وڵاتانی عەرەب دێت.

ھاوكات ئەو چاودێرە سیاسیە باسی لەوەش كرد بەم داویانە سەرۆك وەزیرانی روسیا، دیمیتری میدڤید رایگەیاندووە، بە دەستوەردانی وڵاتێك لە سووریا جەنگی جیھانی سەر ھەڵدەدات، مەبەستی لە سعودییە بوو، چونكە ھەر زوو گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعودییە وەڵامی روسیای دایەوە و گوتی: "ئێمە پاشگەز نابینەوە و ھاوپەیمانی ئەمریكاین".

دارشتنەوە: لەیلا قادری