پۆلیسی ئێران: دوكانەكان بۆیان نییە ھێماكانی ڤالنتاین بفرۆشن

بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو رۆژەیان بە "ھێمای بەدرەوشتی ئەوروپا" ناساندووە.

K24 – ھەولێر:

لەئێران بانگەشەكردنی دوكانەكان بۆ رۆژی ڤالنتاین و ھەروەھا كۆبوونەوەی كوڕ و كچانی ئێران و بەخشینی گوڵ بەیەكدی لەو رۆژەدا قەدەغەكرا.

بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ھێرانا"ی سەر بە چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، پۆلیسی ئێران بەمەبەستی، رێگەگرتن لە "بڵاوبوونەوەی كلتووری رۆژئاوا و رۆژی ڤالنتاین" ھەڕەشەی لە دووكاندارەكان كردووە و لە ئەگەری رێكلامكردن و فرۆشتنی كەلوپەل بەناوی ڤالنتاین رووبەڕووی سزا دەبنەوە.

ھەروەھا پۆلیسی ئێران كۆبوونەوەی كوڕان و كچان و بەخشینی ھێماكانی ڤالنتاین وەكوو گول، شیرینی و بووكەڵەی بەیەكدی قەدەغە كردووە.

گومركی ئێرانیش چەندین ساڵ بەر لە ئێستا ھاوردەكردنی ھەرچەشنە ھێمایەكی ڤالنتاینی لە لایەن بازرگانی ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە كرد.

رۆژی ڤالنتاین لە جیھان بە رۆژی خۆشەویستی ناسراوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی ناوەراستی زایین و لە كولتووری رۆژئاوا رۆژی 14ی 2 بە رۆژی ڤالنتاین ناسراوە.

ڤالنتاین لە رۆمای كۆن دا، بەو جەژنە دەگوترێت كە بە یادی قەشە ڤالنتاین لە كەنیسەكانی كاتۆلیكییدا بەڕێوە دەچێت.

چەندین ساڵە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو رۆژەیان بە "ھێمای بەدرەوشتی ئەوروپا" ناساندووە و رێگری لە بەڕێوەچوونی دەكەن.

وەرگێران: لەیلا قادری