پزيشكێك: پیاوان لە ژنان زیاتر تووشی نەخۆشی دڵ دەبن

نەخۆشی فشاری خوێن بەمەترسیدارترین ھۆكاری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكانن.

K24 – ھەولێر:

پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان، سەرەڕای بێ جووڵەیی، رەگەزیش بە ھۆكاری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ دەزانێت و پێیوایە، ئەگەری ھەیە پیاوان 10ساڵ زووتر لە ژنان تووشی نەخۆشی دڵ دەبن.

بە گوێرەی راپۆرتێكی ئیسنا، پسپۆری نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان، حەمید رەزا رەشیدنژاد، گوتی: "نەخۆشییەكانی دڵ جیاوازن، بەڵام بەوشێوەیەش نییە، مرۆڤ لەپڕ تووشی نەخۆشی دڵ بێت، ھەندێك نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەكان ھەن، رەنگە مرۆڤ لە تەمەنی منداڵییەوە تووشی بێت، بۆ نموونە نەگەیشتنی ئۆكسجين بە دڵ دەبێتە ھۆی لاوازبوونی سووڕی خوێن و ئەو نەخۆشییەش بە درێژای تەمەن لەگەڵ كەسەكە دەمێنێتەوە".

رەشیدنژاد گوتی: "رەنگە چارەسەری نەخۆشییە بۆماوییەكانی دڵ زەحمەت بێت، بەڵام ھەندێك ھۆكاری مەترسیدار ھەن، دەكرێت بەرگرییان لێی بكەین".

ئەوەشی خستەڕوو: "تەمەنيش لە چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی دڵدا رۆڵی بەرچاوی ھەیە، لەگەڵ چوونەسەری تەمەن نەخۆشیی دڵ مەترسیدارتر دەبێت".

لە درێژەی قسەكانیدا رەشیدنژاد گوتی: "رەگەزیش لەو ھۆكارانەیە كە رۆڵی لە نەخۆشییەكانی دڵدا ھەیە و ئەگەری ئەوە ھەیە پیاوان 10ساڵ زووتر لە ژنان تووشبوونی نەخۆشییەكانی دڵ بن".

بە گوتەی ئەو پزیشكەی پسپۆری دڵ، فشاری خوێن، چەوری بەرز، نەخۆشی شەكرە، بەكارھێنانی ماددە ھۆشبەرەكان، جگەرەكێشان و كەمجووڵەیی لە ھۆكارانن تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەكەن و مرۆڤ بە رەچاوكردنی رێنماییە پزشكییەكان دەتوانێت خۆی لەو نەخۆشیانە بپارێزێت".

بەڵام رەشیدنیژاد، نەخۆشی فشاری خوێن بەمەترسیدارترین ھۆكاری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان دەزانێت و گوتی: "فشاری خوێنی بەرز ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشكیش زیاد دەكات، بوار بۆ نیشتنی چەورییەكی زیاتر لە خوێنبەرەكاندا زیاد دەكات و بۆرییەكانی خوێن تەسك دەكاتەوە.

وەرگێڕان: لەیلا قادريی