"ئێران یادی بۆردومانكردنی ئیلام و مھاباد ناكاته‌وه‌"

42 كەس لەو بوردمانەدا شەھید بوون كە ژمارەیەكیشیان منداڵ بوون.

K24 – ھەولێر:

ھەردوو شاری مھاباد و ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان لە 12ی شوباتی 1986 لە لایەن فڕۆكە شەڕكەرەكانی رژێمی بەعسەوە بوردوومان كران و بەدەیان كەس بوونە قوربانی، بەرپرسانی ئەو دوو شارە دەڵێن بەرپرسان ئەو رووداوەیان لەبیركردووە، تەنانەت شەقامێكیشیان بەناوی قوربانیانی ئەو رووداوانە نەكردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "بۆكان نیوز" لە كاتژمێر 12ی پێشنیوەڕۆی 12ی شووباتی1986 دوو فڕۆكەی میگی رژێمی بەعس شاری مھابادی رۆژھەڵاتی كوردستانیان بۆردوومان كرد.

ھەرچەندە ماوەیەك بوو بەشێكی زۆر لە ھاووڵاتیانی شاری مھاباد لەترسی بۆردوومانەكانی رژێمی بەعس شارەكەیان چۆڵكردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش 42 كەس شەھیدكران كە ژمارەیەكییان منداڵ بوون.

تاكو ئێستا ھیچ ساڵێك یادی ئەو رووداوە نەكراوەتەوە. ئێستا ئەنجوومەنی شورای شاری مھاباد داوا دەكەن، شەقامێك بەناوی قوربانیانی بۆردوومانی ساڵی 1986ی مھاباد بكرێت و بە گوتەی قائیمقامی ئەو شارەش مھاباد سته‌مى لێكراوە.

ئەو چیرۆكەی مھاباد ھەشت ساڵ بە بەردەوامی لە ئیلام دووپات كرایەوە، ھەر لە 12ی شووباتی 1986 دا فڕۆكە شەڕكەرەكانی رژێمی بەعس یاریگاییەكی تۆپی پێیان لە ناوەڕاستی ئیلام بۆردوومانكرد كە 15  كەس تێیدا گیانیان لەدەستدا و تيمێكى تۆپی پێی رۆژھەڵات لەو رووداوەدا گيانيان له‌ده‌ستدا.

بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگای ئیلامیش سەرەڕای ئەوەی ھاووڵاتییەكی زۆر شەھیدكران، خەریكە بیرەوەرییەكانیشيان لەبیر دەكەین.

بەڕێوەبەری وەرزشی پارێزگای ئیلام، فەرزاد فەتاحی لەوبارەیەوە بە ھەواڵدەری مێھری گوت: "سەرەڕای ئەوەی یادی ئەو رۆژە ناكەنە، ئەوە زیاتر لە 20 ساڵیشە بەڵێنى نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە دەدەن و جێبەجێی ناكەن".

لەشەڕی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا رۆژھەڵاتی كوردستان لەھەردوولاوە بۆردوومان دەكرا و بەھەزاران قوربانی لێكەوتەوە، ھاوكات ھەر لەو شەڕەدا شاری سەردەشتیش كیمیاباران كرا.

ئامادەكردنی: لەیلا قادری