پارتێكی رۆژھەڵاتی كوردستان بایكۆتی ھەڵبژاردنەكانی ئێران دەكات

"ئێران باوەڕی بە بەشداریپێكردنی كورد لە پرۆسەی سیاسیدا نییە"

K24- ھەولێر:

پارتی ئازادی كوردستان بایكۆتی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران دەكات و بە "شانۆگەریی" ناوی دەبات.

پارتی ئازادی كوردستان (پاك) لە راگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان کرد كە بایكۆتی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی ئێران بكەن، بەرای ئەوان ھەڵبژاردنەكە "شانۆگەرییە و ھەوڵێكە بۆ رەواییدان بەو سیستمە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەکە پارتی ئازادی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە کردووە: "ئێران باوەڕی بە بەشداریپێكردنی كورد لە پرۆسەی سیاسیدا نییە و ریفراندۆم بەتاكە رێگەی گەیشتنی كوردانی رۆژھەڵات بە مافەكانی خۆیان دەزانێت".

پارتی ئازادی كوردستان، لە ساڵی 1991 یەكەم كۆنگرەی خۆی گرێداوە دژ بە سیستەمی سیاسی كۆماری ئێسلامی خەبات دەكەن، بارەگا سەرەكیەكانی ئەو پارتە لە باشووری كوردستانە، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە وەك حزبێكی كوردستانی پێشمەرگەكانیان میحوەری كەركوك بەرگری لەسنوورەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن.

بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە 26ی ئەم مانگەدا لە ئێران بەڕێوەبچن.

ھەرچەندە حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە دەروەی ئێران تانە لە ھەلبژاردن و سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە دەدەن، بەڵام لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە نایاسایی ناسراون و بە ھەموو جۆرێك لە ئێراندا رێگریی لە چالاكییە سیاسییەكانیان دەكرێت و زۆرێك لە ئەندام و كادیرانیان بە تۆمەتی سیاسییەوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە زیندانیی كراون.

ئا: ھەڤاڵ مەلا