سەرۆكایەتی كۆمار بێسەروشوێنبوونی سێ پاسەوانی پشتراستدەکاتەوە

"هەمان رۆژ لە سەر رێگەی کەرکووک-بەغدا چوار ھاوڵاتیی دانیشتووی ھەولێر دیارنەماون"

K24ھەولێر:

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق هەواڵی بێسەروشوێنبوونی سێ پاسەوانی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، حەشدی شەعبیی ئاگاداركراوەتەوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكات.

لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند: "ئێوارەی رۆژی هەینیی ٢٠١٦/٢/١٢ راوێژکارێتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتیکردەوە سێ سەربازی لیوای یەکەمی سەرۆکایەتیی کە یەکێکیان ئەفسەرە بە پلەی نەقیب لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبیلەکەیان لە رێگەی گشتیی ناحیەی ئامرلیی سەر بە قەزای دووزخورماتوو دیارنەماون و بێسەروشوێنبوون".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبیی ئاگادارکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، بەڕێز سەرۆک کۆماریش بە شەخسیی بەدواداچوون دەکات بۆ دۆزینەوە و ئاشکرابوونی هەرچی زوتر و دەسبەجێی چارەنوسییان".

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ھەواڵ ماوەیەكە بێسەروشوێنبوونی ھاوواتیانی كورد لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە روو لە زیادبوونە، بە تایبەتیی لە کاتی ھاتووچۆكردن بە رێگەی كەركووك – بەغدا، کە بووەتە رێگەیەكی مەترسیدار بۆ ھاوڵاتیانی كورد.

نوێترین ھەواڵی میدیاكان لە بارەی بێسەروشوێنبوونی ھاوڵاتیان لەو ناوچانە، ھەواڵی بێسەروشوێنبوونی چوار ھاوڵاتیی دانیشتووی شاری ھەولێرە، كە ئێوارەی رۆژی هەینیی رابردوو دوای بێسەروشوێنبوونی پاسەوانانی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوانیش لە رێگەی کەرکووک-بەغدا دیارنەماون.

میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی بریتین لە چەند میلیشیایەکی چەکدار کە بە فەتوای عەلی سیستانیی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق هێزی حەشدی شەعبیان پێکهێنا بۆ رووبەڕووبونەوەی چەکدارانی داعش.

داڕشتن: هەڤاڵ مەلا