رۆژنامەی ئارمان: رەفسەنجانیی لەرزی خستە دڵی تووندڕەوەكانی ئێران

"حەسەن خومەینیی باش دەیزانی رێگە دژوار و پڕ كەند و كۆسپە"

K24 – ھەولێر:

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری 13 رۆژی دیكە بەڕێوەدەچێت، رێكلامی كاندیدەكان دوو رۆژە دەستی پێكردووە، ئەم بابەتە جێی مشتومڕی رۆژنامەكانی ئەمرۆی ئێرانە و لایەنەكانی ھەڵبژاردن ھێرشەكانیان تووندتر كردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە رۆژنامەی شەرقدا رایگەیاندووە: "بڕیارە ئەمڕۆ شورای نیگەھبان چارەنووسی ئەو 147 كاندیدەی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنێت كە بەڵێنی پێدابوون وردتر پێداچوونەوە بە كەیسەكەیاندا بكات، ئەو كاندیدانە لە چاوەڕوانیدان ئایا دەتوان بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەن یان نا؟ ھاوكات چارەنووسی كورسییەكانی ھەردوو ئەنجوومەن (شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران) 26ی ئەم مانگە روون دەبنەوە و دەنگی خەڵك دەریدەخات چ لایەنێك زۆرترین كورسی بۆ خۆی دەستەبەر دەكات ".

"تووندڕەوەكان لەرزیان پێكەوتووە"

نووسەری وتارێكی رۆژنامەی ئارمان بەشداری رەفسەنجانی لە خۆپێشاندانی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرز نرخاندووە و نووسێویەتی: "پێنجشەممەی رابردوو رۆژێكی تەواو جیاواز بوو، خەڵك رژابوونە سەر شەقام، ھاوكات ئامادەبوونی یەكیك لە كەسایەتییە ھەرە گرنگەكانی  دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، واتا ھاشمی رەفسەنجانیی،  دۆستانی دڵخوش كرد و لەرزی خستە دڵی تووندڕەوەكانەوە".

رۆژنامەی ئێران نووسیویەتی: "حەسەن خومەینی خۆی ئامادە نەبوو بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكات، بەڵام پێداگری گەورەكان ناچاریكرد، بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریدا بكات، ھەرچەندە باش دەیزانی رێگە دژوارو و پڕ كەند و كۆسپە".

لە درێژەی باسەكەی رۆژنامەی ئێراندا ھاتووە: "شورای نیگەھبان ھۆكاری رەتكردنەوەی یادگاری ئیمام خومەینی (حەسەن خومەینی) گەڕاندووەتەوە بۆ بەشداری نەكردنی لە تاقیكردنەوەی تایبەت بە ھەڵبژاردن، ئەوە لە كاتێكدایە زۆرن ئەو كاندیدانەی بەبێ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە بە فیلتەری ئەو ئەنجوومەنە بەڕێزەدا تێپەڕیون".

"ریفۆرمخوزان بۆیان دەركەوتوو، زیادەڕۆیی دەكەن"

نووسەری وتارێكی رۆژنامەی كەیھان سەر بە پارێزگاران شێكردنەوە بۆ عەقڵییەتی ریفۆرمخوازان دەكات و دەڵێ: "ھەندێك عەقڵ لە بزووتنەوەی ریفۆرمخوازیدا، بەمدوایانە بۆیان دەركەوتووە، لە رابردوودا زیادەڕۆییان كردووە".

ئەو نووسەرە بەڵگە بۆ قسەكانی دێنێتەوە كە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خوولی شەشەمیی ئەم ئەنجوومەنە، محەممەد رەزا خاتەمی گوتی: "داوی 18 ساڵ ئێمەی ریفۆرمخواز بۆمان دەركەوت، زیادەڕۆییمان كردووە".

ھەر رۆژنامەی كەیھان نووسیویەتی: "ئێستا رووحانی لە ریفۆرمخوازەكان پێشكەوتووە، ئەوەتا ئەندامانی ریفۆرمخواز خۆیان پەیامی بۆ دەنێرن، ئارامتر ھەنگاو بنێت و دەست لە دژایەتی جیابیرانی ھەڵبگرێت".  

ئا: لەیلا قادری