پۆلیسی فەرەنسا داوای چۆڵكردنی كەمپێكی پەناخوازان دەكات

K24- ھەولێر:
پۆلیسی فەرەنسا داوای چۆڵكردنی كەمپی جەنگەڵی كالێ دەكات، كە زۆرینەی پەناخوازەكانی كورد و ئەفغانین.
فابیان بۆكسیۆ، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری كالێ لە فەرەنسا رایگەیاند: "دەبێ دانیشتوانی بەشی باشووری كەمپی كالێ كەمتر لە ھەفتەیەك كەمپەكە چۆڵبكەن كە زیاتر لە 100 پەناخوازی لێیە".
كەمپی كاڵێ كەوتووەتە جەنگەڵەكانی كالێی خۆرئاوی فەرەنسا لە سەر سنووری بەریتانیا و زیاتر لە 6 ھەزار پەناخوازی لێنیشتەجێكراوە، ئەو پەناخوازانە دەیانەوێ بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا و زۆرینەی دانیشتوانی كەمپەكە كوردن و بە گەورەترین كەمپی پەناخوازان دادەنرێت لە فەرەنسا.
ئەم بڕیارەی پۆلیسی فەرەنسا نیگەرانیی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتەی لێكەوتووەتەوە و داوادەكەن داوای یاسایی لە سەر بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری كالێ تۆمار بكرێت.
بەھۆی شەڕ و نائارامییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، شەپۆڵێكی گەوەرەی كۆچبەران بەرە و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكردووە، بە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا فەرەنسا پەناخوازی كەمتری وەرگرتووە، بەڵام رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن پەناخوازانی فەرەنسا لە دۆخێكی خراپدان.
سەرچاوە: رۆژنامەی جۆرناڵی فەرەنسا
ئامادەكردنی: شنۆ محەمممەد