وڵاتانی ئەوروپا داوای زیادكردنی باج دەكەن لە سەر ئاسن و پۆڵای چین
K24 - ھەولێر:
وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا داوادەكەن یەكێتی ئەروپا باجی زیاتر بخاتە سەر ئاسن و پۆڵای هاوردەکراو لە چینەوە لە ترسی مایە پوچبوونی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆلا لە ئەوروپا.
ھەریەك لە گەورە وڵاتە پیشەسازییەكانی ئەوروپا وەك بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا داوایان لە كۆمسیۆنی ئەوروپا كردووە، باجی زیاتر لە سەر ھاوردەكردنی بەرھەمی ئاسن و پۆڵای چین دابنێت، چونكە بەرھەمە چینییەكان بازارەكانی ئەوروپایان داگیركردووە و ھەڕەشەی مایە پوچبوون لە كۆمپانیا ئەوروپییەكان دەكەن.
سۆت ناتاشا بێرتاند، گوتەبێژی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند: "كۆمسیۆنی ئەوروپا چەند پەراوێكی نوێیان كردووەتەوە، بۆ ھاوەردەكردنی ئاسن و پۆڵا لە سەر داوای وڵاتە بەرھەمھێنەرەكانی یەكێتیی ئەوروپا، كۆمسیۆن چەند رێوشوێنێك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی پیشەسازیی ئەوروپا لە بازرگانییەكی نادادپەروەرانە".
ھەر بۆ ئەو مەبەستە كۆمسیۆنی ئەوروپا باجی لە 16% زیادكرد، لە سەر كۆمپانیا چینییەكان، ھەروەھا باجی بە رێژەی 26% لە سەر كۆمپانیا رووسیەكان زیادكرد، ھاوكات كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند:"ئەو رێوشوێنە كاتییە".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە چین بە تەنھا ھێندەی نیوەی جیھان ئاسن و پۆڵا بەرھەمدێنێت.
سەرچاوە: یۆرۆ نیوز
داڕشتنی: شنۆ محەممەد