بارزانيى بەرەو دەرەوەی وڵات بە رێكەوت

بەشداریی لە كۆنفرانسی ئاسایش دەكات

K24- ھەولێر:

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایش لە شاری میونخ لە ئەڵمانیا، كە ساڵانە سەرۆك و سەركردەكانی جیھان بەشداریی تێدا دەكەن.

سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد: "لە چوارچێوەی كۆنفرانسەكەدا بارزانی، بەشداری پانێڵێكی تایبەت دەبێت لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەی تیرۆر و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، وا بڕیارە لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی وڵاتان و كەسایەتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا هەبێت".

لە كۆنفرانسی ئاسایش لە میونخ سەرۆك سەركردەكانی جیھان ئاسایشی جیھان تاوتوێ دەکەن و بە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 52مین کۆنفرانسی ئاسایش لە میونخ دەبێتە دووەمین جار بارزانیی ھاوشانی سەرۆكانی وڵاتانی جیهان بەشداریی لەو كۆنفرانسەدا دەكات.