بارزانیی رەوشی ناوچەكە لەگەڵ توركیا و بەریتانیا تاوتوێدەكات

باسی شەڕی داعش و ھاوكاریكردنی پێشمەرگە دەکات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6c3987d8-f746-4ce1-ba37-5d607d0bc16c/barzani%20u%20oglu.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی توركیا و بەریتانیا رەوشی ناوچەكە و شەڕی داعشیی تاوتوێكرد.

لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی ئاسایش لە میونشن مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ فلیپ ھامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رەوشی سیاسیی ناوچەكە و شەڕی داعشیان تاوتوێكرد.

تەوەرێكی دیكەی دیداری بارزانیی و ھامۆند، ھاوكاریكردنی زیاتری ھێزی پێشمەرگە بووە بۆ رووبەڕووبونەوەی چەكدارانی داعش.

ھەر لە چوارچێوەی دیدار و كۆبوونەوەكانی میونشن مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و مەولوود چاویشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا گفتوگۆیان لە بارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە كرد.

رۆژی 11ی ئەم مانگە مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی میونشن بۆ سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەردانی ئەڵمانیای كرد، لە میانی بەشداریكردنی لەو كۆنفرانسەدا بارزانیی، كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ چەندین سەرۆك و سەركردەی جیھان ئەنجامدا، بۆیە بە بڕوای شارەزایانی سیاسیی ئەو سەردانەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، گرنگیی تایبەتی ھەیە بۆ بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیھان و پشتیوانیی زیاتر بۆ ھێزی پێشمەرگە و كوردستان.

ئا: ھەڤاڵ مەلا