سوپاى رووسیا به‌شدارى له شه‌ڕى ناوخۆى سووریادا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
هه‌فته‌نامه‌ى، دێر شبیگل،ى ئه‌ڵمانى، ڤیدیۆیه‌كى ده‌ستكه‌وتووه چالاكیه‌كانى هێزى زه‌مینى رووسیا بۆ پشتگیریكردن له سووپاى سووریا له نزیك سنوره‌كانى توركیا پێشانده‌دات.
ئه‌و گرته ڤیدیۆیه له شارى لازقیه‌ى سووريا و له ناوچه‌ى سه‌لماى نزیك سنووره‌كانى توركیا به 10 كیلۆمه‌تر گیراوه.
به‌ڵگه‌یه‌كى دیكه‌ى راستى ئه‌و گرته ڤیدیۆیه ئه‌وه‌یه، له ڤیدیۆیه‌كه‌دا رۆژنامه‌وانێكى سوورى ده‌بینرێت كه له رۆژى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤیدیۆیه‌كه وێنه‌یه‌كى سێلفى خۆى له تۆرى، تویته‌ر، بڵاوكردۆته‌وه.
سه‌رۆكى رووسيا، ڤلادیمیر پۆتین، به‌رده‌وام جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه سوپاى رووسیا له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى زه‌مینى له سووریا هیچ رۆڵێكى نیه، به‌ڵام چه‌ند زانیاریيه‌ك بڵاوبوونه‌ته‌وه ده‌يسه‌لمێنن رووسیا چالاكى زه‌مینى بۆ پشتیگرى سوپاى به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌نجامده‌دات.
پاش هێرشه ئاسمانیيه‌كانى هێزى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له جه‌نگى دژى تیرۆر به سه‌رپه‌رشتى ئه‌مریكا، ده‌ستى به هێرشه ئاسمانیيه‌كانى كرد بۆ سه‌ر موڵگه‌كانى گروپه ئیسلامیيه‌كان له سووریا و عێراق و به تایبه‌تى رێكخراوى داعش.
رووسیا به‌لاى خۆیه‌وه هه‌وڵیداوه به‌شدارى له‌و هێرشه ئاسمانیيه‌دا بكات به پێكهێنانى هاوپه‌یمانى جودا له هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ڵام وڵاتانى خۆرئاوا و ئه‌مريكا ده‌ڵێن: رووسیا زیاتر هاوكارى رژێمى به‌شار ئه‌سه‌دى كردووه بۆ مانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
ئاماده‌كردن: نه‌وزاد محه‌ممه‌د