چوار كانديدى كورد بۆ هه‌ڵبژاردنى تاران ره‌تكرانه‌وه‌

كاندیدە كوردە رەتکراوەکان دەڵێن: "ھۆكاری رەتكرانەوەمان ئەوەیە هێمای کورديی بە بانگەشەکانمانەوە دیاربووە".

K24 – ھەولێر:

چوار كانديدى كورد، له‌ بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنى تاران له‌ لايه‌ن به‌رپرسانى كۆمارى ئيسلامى ئێرانه‌وه‌ به‌ هۆى پۆشينى جلوبه‌رگى كوردييه‌وه‌، ره‌تكرانه‌وه‌.

لە کۆی 17 كاندیدی كورد كە لە تاران خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵاوتبوو، بەشداریكردنی 13یان لە لایەن شورای نیگەھبانەوە قبووڵكرا.

ئەو 13 كاندیدە كوردە لە بازنەی شاری تاران دەتوانن بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ھاووڵاتیانی كوردی دانیشتووی تاران كێبەركێیەكانیان دەستپێبكەن.

دوای ئەوەی ئەنجومەنی شورای نیگەھبان دوا لیستی كاندیدە قبووڵکراوەكانی بۆ بەشداری لە هەڵبژراندنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە، تەنیا ناوی چوار كاندیدی تێدا نەبوو.

ژماره‌يه‌ك له‌ سايت و وێبلاگه‌ هه‌واڵييه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بڵاويانكردبوويه‌وه‌، كه‌ رە‌حیم فەرەهمەند، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری بەرەی یەکگرتووی کورد، و موهەندیس مستەفا بەیگی چالاکی مەدەنی و کوردی فەیلی کە بەجلی کورديی ناونووسی کردبوو لەو كاندیدانەی بازنەی تارانن كە بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردن لە لایەن شورای نیگەھبانەوە رەتكراوەتەوە، بەشێك لە كاندیدە كوردە رەتکراوەکان دەڵێن: "ھۆكاری رەتكرانەوەمان ئەوەیە هێمای کوردی بە بانگەشەکانمانەوە دیاربووە".

تاران گەورەترین شاری ئێران و پایتەختی ئەو وڵاتەیە، رێژەی دانیشتووانی نزیكەی 15 ملیۆن كەسە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ملیۆن و نيوێكی كوردن.

لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا 17 كاندیدی كورد بۆ نوێنەرایەتی دانیشتووانی كوردی تاران ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و بەدەستھێنانی كورسی ئەو ئەنجوومەنە نووسیوە كە 13 كەسیان قبووڵكراون.

ئەو 17 كاندیدە كوردەی لە بازنەی تاران ناوی خۆیان نووسیبوو،  هەموویان دانیشتووی تارانن و هەر كامەیان خەڵكی یەكێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن. 

ئا: لەیلا قادری