رێکخراوێکی كوردستان: 60 كۆڵبەری رۆژھەڵاتی كوردستان بوونەتە قوربانیی

بەگوێرەی ئاژانسێکی ئێران كۆڵبەران لە پێناو بەدەستھێنانی 30 ھەزار تمەنی ئێرانیی كە دەكاتە كەمتر لە 10 ھەزار دینار دەبنە قوربانیی.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8dcec32c-321c-4825-b8c6-b0a2f51f7684/Kolberani%20kurd.ism/manifest

K24- ھەولێر:

بەپێی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 60  كۆڵبەری رۆژھەڵاتی كوردستان لە سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان بوونەتە قوربانیی.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە نوێترین راپۆرتیدا ئەو ئامارەی بڵاوكردووەتەوە، ھەرچەندە بەگوێرەی ھەواڵی میدیا فەرمییەكانی ئێران ئامارەكە زۆر لەوە زیاترە.

مستەفا نووریی، ئیسماعیل ‌حوسێنیی و ناسر دالایی دوایین كۆڵبەری قوربانیی رۆژھەڵاتی كوردستانن كە "لە پێناو بەدەستھێنانی بژێوی ژیانیاندا كەوتنە بەر گوللـەی ھێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران".

لە دوا راپۆرتی تۆری مافی مرۆڤی کوردستاندا ھاتووە: "تەنیا لە ساڵی 2015 دا لانیکەم 44 کەس بە فیشەکی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش برینداربوون".

بەڵام بەگوێرەی ئاماری ئاژانسێكی فەرمیی ئێران وەکوو (ئیلنا)، ژمارەی كۆڵبەرانی قوربانیی لە رۆژھەڵاتی كوردستان زۆر لەوە بەرزترە و ساڵانە سەدان کەس لەسەر سنوورەکان تەنیا بۆ بەدەستهێنانی سی هەزار تمەنی ئێرانیی كە دەکاتە کەمتر لە 10 هەزار دینار گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.

ئە‌حمەد شەهید، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤی ئێران لە دوا راپۆرتیدا کوژرانی کۆڵبەرانی وەکوو کوشتن لە دەرەوەی یاسا و بە کوشتنی سیستماتیک پێناسە کردووە.

دوا راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئەوە دەخاتەڕوو: "جگە لە فیشەکە راستەوخۆکان کە کۆڵبەران دەکەنە قوربانیی هاوکات زۆرترین مینە چێنراوەکانی ئێران لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانن و ئەوانیش دووژمنێکی چەکداریی شاراوەن و جگە لە کۆڵبەران، جوتیاران و گوندنشینەکانیش دەکەنە قوربانیی".

ئێستا دوا چارەی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمیکردنی بازاڕە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستانە، چەندین پرۆژەش لە لایەن نوێنەرە کوردەکان پێشكەش بە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران کراون.

ئەوە لە كاتێكدایە لە دوا دەنگدانی مانگی رابردووی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، پرۆژە یاسای بەفەرمیکردنی بازرگانی ئازادیی لە سێ دەروازەی سنووری رەتکرایەوە و پاساویش بۆ رەتكردنەوەی ئەو پرۆژە یاسایە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە بوو.

د. لەیلا قادریی