سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا: كورد هاوڵاتیی ره‌سه‌نی ئێمه‌ن

"توركیا یه‌كه‌م وڵات بوو به‌ هانای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ چوو"

K24- هەولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵو رایگەیاند پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێت كورد هاوڵاتیی ره‌سه‌نی ئێمه‌ن، پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانرێت كورده‌كانی دیكه‌ی ئه‌و دیوی سنوور هاوشیوه‌ی توركمانه‌كان و عه‌ره‌به‌كان هاو مێژوو و هاو كولتوورمانن.

ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵو لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیی و كوردانی باكوور رایگه‌یاند: "پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێت كورد هاوڵاتیی ره‌سه‌نی ئێمه‌ن، پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانرێت كورده‌كانی دیكه‌ی ئه‌و دیوی سنوور هاوشیوه‌ی توركمانه‌كان و عه‌ره‌به‌كان هاو مێژوو و هاو كو‌لتوورمانن".

داوود ئۆغڵو گوتیشی: "كاتێك له‌ 2014 ریكخراوی داعش بۆ یه‌كه‌م جار هێرشی كرده‌ سه‌ر باشووری كوردستان و گه‌یشته‌ ده‌روازه‌ی هه‌ولێر، گه‌یشته‌ ده‌روازه‌ی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی برا كورده‌كانمان له‌وێ دروستیان كردووه‌، توركیا یه‌كه‌م وڵات بوو به‌هانایانه‌وه‌ چوو".

له‌ باره‌ی هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا گوتی: "كاتێ داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر كۆبانێ 197 هه‌زاركورد په‌نایان بۆ كوێ برد؟ په‌نایان بۆ توركیا هێنا".

داوود ئۆغڵو ئاماژەشی کرد کە: "كاتێ سه‌دام حوسێن چه‌كی كۆمەڵكوژی دژ به‌ كورد به‌كارهێنا، توركیا یه‌كه‌م وڵات بوو به‌ هانایانه‌وه ‌چوو"، و گوتی: "هیچ كات سیاسه‌تی توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز و مه‌زهه‌ب نه‌بووه‌".

له‌ باره‌ی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌كه)‌وه‌ داوودئۆغڵو گوتی: "یه‌په‌گه‌ رێكخراوێكی كوردیی نییه‌، به‌ڵكوو په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه رێكخراوێكی تیرۆریستن".

سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاماژهشی کرد: "كاتێ باسی نوێنه‌رانی شه‌رعیی گه‌لی كورد ده‌كرێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌ كه‌ ئێمه‌ پاراستنیان ده‌گرینه‌ ئه‌ستۆ، پارێزه‌ر و هاوكاریان ده‌بین".

ئاماده‌ كردن: نه‌وزاد محه‌ممه‌د