كوردستان24 ناسانامەی ئەو پێشمەرگەیە ئاشكرا دەكات كە بارزانی وێنەكەی پێشكەشی ئۆباما كرد

كارەكتەری وێنەکە دوای مانگێك لە گرتنی وێنەكەی شەھیدكراوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7f00f291-ef8e-40f3-a78b-231201c062da/Shahid%20jxce.ism/manifest

K24- هەولێر:

مسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە میونشن یەكەم وێنەی سەركەوتنی پێشمەرگەی بەسەر داعش پێشكەشی سەرۆكی ئەمریكا كرد، كوردستان24 ناسانامەی ئەو پێشمەرگەیە ئاشكرا دەكات کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە.

كارەكتەری وێنەكە پێشمەرگەیەكە ناوی جخسی كازمە، كە دوای مانگێك لە گرتنی وێنەكەی لە میحوەری رەبیعە لە نزیکی شاری مووسڵ شەھیدكراوە.

كازم حەسۆ كە باوكی شەھید جخسی یە دەڵێ: "ئەو وێنەیە لە یەكەم سەركەوتنی پێشمەرگە لە بەرامبەر داعش لە مانگی 8 ساڵی 2014 لە بەنداوی مووسڵ گیراوە، ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆك داوای ئەو وێنەیەی كرد تا لە ئەڵمانیا وێنەكەمان نەبینیی ھۆكاری داواكردنی وێنەكەمان نەزانی".

فەوزی كازم برای شەھید جخسی دەڵێ: "شەھید جخسی لە تەمەنی 14 ساڵیدا بووە پێشمەرەگە لە لەشكری تایبەتی گوڵان، تا رۆژی شەھیدبوونی، لە دوای خۆی سێ كچ و كوڕێكی جێھێشتووە".

بەفرین حەبیب، ھاوسەری شەھید دەڵێ: "بەبینینی ئەو وێنەیە خۆشحاڵ بووم، ھەستم بە شەھیدبوونی ھاوسەرەكەم نەكرد، شەھیدبوونی ھاوسەرەكەشم بە سەربەرزیی دەزانم".

شەھید جخسی لە بەر ئازایەتی نازناوی میلانی كوردیی لێنراوە لە لایەن هاورێکانییەوە کە پێشمەرگەن.

لە دوای ئەوەی مسعوود بارزانی وێنەی یەكەم سەركەوتنی پێشمەرگەی لە بەرامبەر داعش پێشكەشی برێت ماكگۆرك، نوێنەری تایبەتی ئۆباما كرد، نوێنەری ئۆباما لە تویتێكدا نووسیی: شەڕەف مەندم كە ئەو وێنەیەم لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە پێشكەشكراوە".

ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد