دانیشتوانی كۆبانێ داوای سیستمی فیدڕاڵی دەكەن

"كار بكرێت بۆ گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەریی"
kurdistan24.net

K24- كۆبانێ:

ژمارەیەك لە دانیشتوانی شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان سیستمی فیدڕاڵی بە باشتر دەزانن لە بەڕێوەبەریی خۆسەریی و داوا دەكەن سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەریی بگۆڕدرێت.

بەشێک لە دانیشتوانی شاری كۆبانێ لە بارەی سیستمی ئێستای بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژئاوا بۆ (كوردستان24) دوان و رایانگەیاند: "پێویستە سیستمی بەڕێوەبەریی بگۆڕدرێت و ھاوشێوەی باشووری كوردستان سیستمی فیدڕاڵی لە رۆژئاوا جێبەجێ بكرێت".

ئەم دانیشتوانی کۆبانێ دوا دەكەن: "بۆ داهاتووی رۆژئاوای كوردستان و خۆشگوزەرانیی خەڵك، كار بۆ ئەوەی بكرێت سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەریی بگۆڕدرێت بۆ فیدڕاڵی".

دوای رزگاركردنی كۆبانێ لە ژێر دەستی داعش لە لایەن ھێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بە پشتیوانیی ھێزەكانی ھاوپەیمانان، لە لایەن پارتە دەستەڵاتدارەكانی رۆژئاوا سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەریی بۆ ئیدارەی سەربەخۆ ھەڵبژێردرا، ئێستا باس لە گۆڕینی ئەم سیستمە دەكرێت بۆ سیستمی فیدڕاڵیی.

ئەمە لە کاتێکدایە جێگری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کانتۆنی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، خالید بەرکەل، لەبارەی گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەریی، پێشتر بە (کوردستان24)ی رایگەیاند: "بەڵێنیان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی ئەنجامدانی ئەم گۆڕینە بکەن".

ئا: ھەڤاڵ مەلا